دیمەشق- نۆرس پرێس
دوێنێ شەممه، وه زارەتی دەرەوەی ئێران بۆ یەکەمجار ئاشکرای کرد، درۆنی بۆ رووسیا ناردوه ، دوای ئەوەی پێشتر بەرپرسانی ئێران رەتیان کردبووەوه .
بە گوێرەی ئاژانسی هەواڵی ئێرانی “ئارنا”، حوسێن ئەمیر عەبدولڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران وتویەتی:” چەند مانگێک پێش جەنگی ئۆکرانیا ژمارەیەکی سنووردار درۆنمان بۆ رووسیا نارد.”
ئەمە یەکەم دانپێدانانی ئێرانە، کە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی گەیاندووەتە رووسیا، دوای ماوەیەک لە رەتکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی کە لەلایەن ئۆکرانیا و هاوپەیمانە رۆژئاواییەکانییەوە ئاراستەی کرابوو.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئۆکرانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند: دەبێت تاران درک بەوە بکات کە دەرئەنجامەکانی هاوبەشیکردنی لە تاوانە دوژمنکارەکانی رووسیادا بۆ سەر ئۆکرانیا لەو قازانجەی زیاتر دەبێت کە لە پشتیوانییەکانی بۆ رووسیا بەدەستی دەهێنێت.
کیێڤ رایگەیاند “لە ئێستاوە نزیکەی 400 درۆنی ئێرانی دژ بە خەڵکی سڤیل لە ئۆکرانیا بەکارهێنراون، هەروەها مۆسکۆ داوای نزیکەی دوو هەزار درۆنی دیکەی کردووە.”
ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی ئێران کە لە شەڕی رووسیا دژ بە ئۆکرانیا بەکارهێنران، دۆسێیەکی نوێیان لە ململانێی نێوان ئەو دوو وڵاتەدا وروژاندووە.
هەرچەندە رووسیا و ئێران بەڕاشکاوی ئەو تۆمەتانەیان رەتکردووەتەوە، بەڵام یەکێتی ئەوروپا و بەریتانیا سزایان بەسەر سێ ژەنەراڵی ئێرانی و کۆمپانیایەکی چەکدا سەپاندووە کە تۆمەتبارن بە دابینکردنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ رووسیا.