ئایا بە سەربازیکردنی زۆرەملێ له‌ هەرێمی کوردستان جێبه‌جێ ده‌كرێت؟

هه‌ولێر- نۆرس پرێس

رۆژی هه‌ینی، باڵانبۆ محه‌مه‌د جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، لەم كاته‌دا بەسەربازیکردنی زۆرە ملێ لە هەرێمی کوردستان جێبەجێناکرێت، چونكه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە توانایدا نییە مووچەی فەرمانبەرانی بە تەواوی بدات، جا بگات بەوەی سەربازی بەزۆرە ملێ جێبەجێ بکات.

ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، “لە رووی یاساییەوە، گەر پرۆژە یاسای خزمەتی ئاڵا رۆژی یەکشەممە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاری لەبارەوە بدرێت، ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەم دەتوانین وەک خۆی جێبەجێی بکەین، هه‌روه‌ها دەتوانین لە پەرلەمانی وکوردستان هەمواری بکەین و جێبەجێی بکەین، بەڵام لەم کاتەی ئێستادا لە هەرێمی کوردستان ناتوانرێت جێبەجێبکرێت.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، دۆخی هەرێمی کوردستان و بەغداد لە زۆر رووەوە جیاوازە، حکومەتی هەرێم لە توانایدا نییە مووچەی فەرمانبەرانی بە تەواوی بدات، جا بگات بەوەی سەربازی بەزۆرە ملێ جێبەجێ بکات و خەرجی و مووچەیان بۆ دابینبکات.

هه‌روه‌ها وتیشی، یەکێکی دیکە لەو کێشانەی هه‌مانه‌، تا ئێستا هێزێکی نیشتیمانی یەکگرتوومان نییە، راستە دەوترێت هێزەکانی پێشمەرگە یەکیانگرتووەتەوە، بەڵام ئەمە لە رووی کردەییەوە بەو شێوەیە نییە و سیمای دوو حیزبی تەواو بەسەر هێزەکانەوە دیارە.

ئاشکراشی کرد، لە هەرێمی کوردستان هەزاران گەنج هەن و زانکۆیان تەواوکردووە بێ ئیش و کارن و دەرفەتی کاریان نییە، ئێمە بەو شێوەیە بێین داوای خزمەتی سەربازی زۆرەملێی لێبکەین رازی نابن، چونکە ئەو گەنجە لە ئێستادا ئینتیمای نیشتیمانی لاواز بووە، هەرچەندە خۆی لە خۆیدا سەپاندنی سەربازی زۆرەملێ بۆ چاندنی ئینتیمای نیشتیمانییە لە ناخی گەنجەکانماندا.