هەولێر- نۆرس پرێس
بڕیارە رۆژی یەکشەممە، 6 -11-2022، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ خوێندنەوەی یەکەم بۆ سێ پڕۆژەیاسا کۆببێتەوە، یەکێکیان بەناوی “خزمەتی ئاڵا”یە، کە تایبەتە بە سەربازیی ناچاری کە بەپێی پڕۆژەکە دەبێت هەر کەسێک 18 ساڵی تەمەنی تەواوکردبێت و ئەو مەرجانەی تێدا بێت کە دەیگرێتەوە سەربازیی بکات و بۆ ماوەی جیاجیا و بەپێی خاڵەکانی.
رۆژی هەینی، 4-11-2022، کەریم شکور، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق لەبارەی پڕۆژەیاساکەوە گوتی: “پڕۆژەیاسای خزمەتی ئاڵا گرنگە، دوای ئەوەی پەسند دەکرێت هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، چونکە یاسایەکی فیدڕاڵییە و بابەتەکە گشتگیرە، هەرێمی کوردستان بەشێکە لە عێراق و دەبێت یاساکە جێبەجێ بکات.”
پڕۆژەیاسای خزمەتی ئاڵا لە ژمارەیەک مادە پێکدێت، لە ساڵی رابردوو رەوانەی ئەنجوومەنی نوێنەران کراوە، بەپێی پڕۆژەکە کە لە چەندین شوێنیدا باسی پارێزگا و هەرێمەکان کراوە، لە وەزارەتی بەرگریی عێراق بەڕێوەبەرایەتییەک بەناوی “بەڕێوەبەرایەتیی بەسەربازکردنی گشتی” دادەمەزرێت و راستەوخۆ بە سەرۆکایەتیی ئەرکانی سوپا بەند دەبێت و هەموو ئەو کارانە رێکدەخات.