پێدانی درۆنی ئێرانی بە رووسیا قبوڵکراو نییە

هەولێر- نۆرس پرێس

دوێنی پێنجشەممە، یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ مەولوود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە ئیستەنبووڵ گوتی: “ئێمە دەبینین کە ئێران درۆن دەداتە رووسیا و بیر لە ناردنی مووشەکی بالیستیش دەکاتەوە”.

ستۆڵتنبێرگ گوتی، “ئەمە مایەی قبووڵکردن نییە و نابێت هیچ وڵاتێک هاوکاریی رووسیا بکات لەم جەنگە نایاساییەیدا”.

بەگوێرەی ئۆکراینا، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، 400 درۆنی دروستکراوی ئێران “لە دژی ژێرخانی سڤیل لە ئۆکراینادا بەکارهێندراون” و دەڵێت، مۆسکۆ داوای 2 هەزار مووشەکی کردووە. هەرچی رووسیا و ئێرانن، ئەو تۆمەتانە رەتدەکەنەوە.

ستۆڵتنبێرگ لە ئیستەنبوڵ گوتی، ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا “لە جەنگەکەی لە رووسیا تووشی شکست بووە، بەڵام بەشێوەیەکی تووندڕۆیانەتر وەڵامدەداتەوە”.

بە گوتەی ستۆڵتنبێرگ، لە چەند هەفتەی رابردوودا، دەیان درۆن و مووشەکیان بینیوە لە سەرتاسەری ئۆکراینا بەکارهێندراون، لەنێویدا وەکو خۆی دەڵێت، لە دژی ژێرخانی ئاو و کارەبا بەکارهێندراون.

بەپێی پلانی ناوەندی راگەیاندنی ناتۆ، یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە رۆژانی 3-5ی تشرینی دووەمی 2022 لە تورکیا دەبێت و زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا و ناتۆ دەکات.

بەگوێرەی پلانەکە، ستۆڵتنبێرگ ئەمڕۆ پێنجشەممە لەگەڵ مەولوود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبوویەوە و کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیی هاوبەشیان سازدا، وابڕیارە ئەمڕۆش لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆدەبێتەوە، هەر لە سەردانەکەی تورکیایدا دەچێتە پارێزگای چاناککالێ و لەگەڵ هێزەکانی ناتۆ و فەرماندە سەربازییەکانی تورکیای ناتۆ کۆدەبێتەوە.

وەک لە راگەیێندراوەکەی ناوەندی راگەیاندنی ناتۆ هاتووە، ستۆڵتنبێرگ لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا گفتوگۆ لەبارەی پرۆسەی ئەندامێتیی سوێد و فینلاند و جەنگی رووسیا-ئۆکراینا، پەیوەندییەکانی تورکیا-ناتۆ و چەندین بابەتی پەیوەندیدار و هاوبەش دەکات.

بەگوێرەی هەواڵەکانی ناوەندی راگەیاندنی ناتۆ، رۆژی یەکی ئەم مانگە یانس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتیی ناتۆ بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ هەریەک لە سانا مارین، سەرۆکوەزیرانی فینلاند و ئوڵف کریستێرسۆن، سەرۆکوەزیرانی سوێد کردووە.

هەروەها بڕیارە رۆژی 8ی تشرینی دووەمی 2022، ئوڵف کریستێرسۆن سەردانی تورکیا بکات و لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی ئەندامێتیی وڵاتەکەی لە ناتۆ گفتوگۆ بکات