رەئیسی جەخت لە پێویستی بەدواداچوونی رێککەوتنەکانی نێوان تاران و دیمەشق دەکاتەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ چوارشەممە، ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆک کۆماری ئێران، لە میانی دیدارەکەی لەگەڵ فەیسەڵ میقداد، وەزیری دەرەوەی سوریا لە تاران، جەختی لەسەر پێویستی بەدواداچوون بۆ ئەو رێککەوتنانەی لە نێوان تاران و دیمەشق واژۆ کراون، و پێداگری کرد لەسەر جێبەجێکردنی سەرجەم بڕگەکانیان.
بە وتەی ئاژانسی هەواڵی ئێرانی (ئیرنا) رەئیسی وتویەتی: سوریا ئەمڕۆ گەیشتووە بەو پایەی بە گرنگیدان بە هاوکارییە ئابوورییەکان، رێگەی پێبدات گۆڕانکاری لە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی لەگەڵ ئێراندا بەدیبهێنێت.
رەئیسی ئاماژەی بەوەدا کە ئێران “بەردەوامە لە پشتیوانییەکانی بۆ سوریا”.
ناوبراو وتی: ئاسایش و سەروەری سوریا و رڕۆڵی لە ناوچەکەدا گرنگ و ژیانییە و سەرنج و پشتیوانی ئێران وەردەگرێت.
سەرۆک کۆماری ئیسلامیی ئێران جەختی لە “گرنگی بەهێزکردن و پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان دوو وڵات لە بوارە جۆربەجۆرەکان کردەوە”.
میقداد لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ هاوتا ئێرانییەکەی، حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، رایگەیاند، سەردانەکەی بۆ تاران بۆ بەدواداچوونە بۆ راوێژکارییەکانی نێوان دوو وڵات لە بوارە جیاجیاکانی هاوکاریدا.
ئاماژەی بەوەشکرد، “گفتوگۆکان تیشکیان خستە سەر هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات لە نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆڕبەندە نێودەوڵەتییەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەوڵەکانی تاکە جەمسەرێک بۆ دەستگرتن بەسەر جیهاندا بە پێشێلکردنی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان”.