دەروازەی سنووریی باب ئەلهەوا: لە ماوەی مانگی پێشوودا تورکیا 1303 سوری دیپۆرت کردوەتەوە

ئیدلیب – نۆرس پرێس

ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوبەریی دەروازەی سنووریی باب ئەلهەوا لەگەڵ تورکیا، لە باکووری ئیدلب، ژمارەی ئەو پەنابەرە سووریانەی راگەیاند کە تورکیا بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنی سوریا لە باکووری رۆژئاوای سوریا، لە ماوەی مانگی تشرینی یەکەمدا دیپۆرتی کردونەتەوە.

بەڕێوبەریی دەروازەکە، لە روپەڕی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاویکردەوە، ژمارەی ئەو سووریانەی لە ماوەی مانگی رابردوودا لەلایەن دەسەڵاتدارانی تورکیاوە بۆ سوریا راگواستراون، 1303 ژن و پیاو و منداڵ بوون، کە ئەمەش ژمارەیەکی کەمە بە بەراورد بە مانگەکانی رابردوو.

دەروازەی باب ئەلهەوا پێشتر رایگەیاندبوو کە ژمارەی دیپۆرتکراوان لە ماوەی مانگی ئەیلولدا گەیشتووەتە 2086 کەس کە ئەمەش دووەم بەرزترین ژمارەی مانگانەیە لە سەرەتای ئەمساڵەوە.

تورکیا کار لەسەر دیپۆرتکردنەوەی پەنابەرانی سووری بە شێوەیەکی نایاسایی دەکات، بە بیانووی پێشێلکردنی یاساکانی پەنابەری و هەموار نەکردنەوەی داتاکانیان سەبارەت بە کارتی پاراستنی کاتی.

لە سەرەتای ئەمساڵەوە و تا ئەمڕۆ، تورکیا نزیکەی 16173 کەسی لە رێگەی دەروازەی سنووریی باب ئەلهەواوە لە سنوور لەگەڵ باکووری ئیدلب، دیپۆرت کردووەتەوە، بەپێی ئامارێکی تایبەت کە لەلایەن نۆرس پرێسەوە لە بەڕێوبەریی دەروازەکەوە دەستی کەوتووە.

ئامادەکردنی: بەها نۆبانی – داڕشتنەوەی: فەنسە تەمۆ