هۆڵەندا بەنیازە دەیەها هاوڵاتی خۆی لە کامپەکانی رۆژئاوای کوردستانەوە بگێڕێتەوە

قامیشلۆ – نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە، حکومەتی هۆڵەندا نیازی گەڕاندنەوەی 12 ژن و 28 منداڵی خێزانی چەکدارانی داعش بۆ وڵاتەکەی راگەیاند، کە لە کەمپەکانی رۆژئاوای کوردستاندا نیشتەجێن.

لە نامەیەکدا بۆ پەرلەمان ئاماژەی بەوە کردووە کە بڕیارە ئەو ژنانە بگەڕێنێتەوە کە گومانی تاوانی تیرۆریستییان لێدەکرێت.

بەگوێرەی پەیامی حکومەتی هۆڵەندا، لەگەڵ گەیشتنیان بۆ وڵات دەستگیردەکرێن و دادگایی دەکرێن.

لە سەرەتای مانگی شوباتدا، دەسەڵاتدارانی هۆڵەندا ، دوای گەڕانەوەیان رۆژئاوای کوردستانەوە لەگەڵ 11 منداڵ، لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە بە “تایبەت” وەسفکرا، پێنج ژنی داعشیان دەستگیرکرد.

لە مانگی ئایاری ساڵی رابردوودا، بەڕێوبەری خۆسەری سێ منداڵ و ژنێکی لە خانەوادەی ئەندامانی داعش رادەستی حکومەتی هۆڵەندا کرد، ئەویش لە رێگەی شاندێکی فەرمی حکومەتی هۆڵەنداوە.

لە مانگی حوزەیرانی ساڵی رابردوودا، دادگای ناوچەی رۆتەردام سزای سێ ساڵ و نیو زیندانی بۆ یەکەم ژن کە لە سوریاوە گەڕایەوە بۆ هۆڵەندا بە ناوی “ئیلهام بی” دەرکرد، بەهۆی ئەوەی پەیوەندی بە داعشەوە کردبوو.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: عەدنان حەمۆ