ئامادەکاری بۆ دەرچوونی گروپێک لە دانیشتوانی کامپی هۆل بەرەو مەنبیج
حەسەکە – نۆرس پرێس
بەڕێوبەری کامپی هۆل لە رۆژهەڵاتی حەسەکە، ئامادەکاری دەکات بۆ دەرچوونی کۆمەڵەیەکی نوێ لە دانیشتوانی سوریا بۆ مەنبیج کە دەکەوێتە رۆژهەڵاتی گوندەواری حەڵەب.
سەرچاوەیەکی تایبەت بە نۆرس پرێسی ڕاگەیاند، ژمارەیەک ناو تۆمار دەکەن بۆ ئەوەی لە کامپەکە دەربچن بەرەو شاری مەنبیج.
هه مان سەرچاوه ئاماژەی به وەدا که دوای ئەم گروپە، گروپێکی نوێی عێراقی لە کامپەکە دەردەهێنرێن و بەرەو وڵاتەکەیان دەیانگێڕنەوە.
سەرچاوەکە هیچ وردەکارییەکی لەبارەی ژمارەی ئەو خێزانانە نەخستووەتەڕوو کە دەرچوون، هەروەک کاتی وردی دەرچوونیان دیار نەکراوە.
ئەمەش سێیەم گروپی دانیشتوانی سورییە لە کامپی هۆل کە ئەمساڵ لێی دەرچن، گروپی پێشوودا لە 400 کەس پێکهاتبوون، کە 77 خێزانیان خەڵکی دێرەزوور و گوندەوارەکانی بوون.
لە کۆتایی ساڵی رابردوودا 51 خێزان کە ژمارەیان 200 کەس بوو، کامپی هۆلیان بەرەو مەنبەج بەجێهێشت.