هاوسەرۆکی ئاسایشی رۆژئاڤا: ئاسایش بە توانای کچان و کوڕانی ئەم گەلە و شۆڕشی رۆژئاڤا دامەزراوە
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
دوێنێ، لە یادی نۆ ساڵەی دامەزراندنی ئاسایشی رۆژئاڤادا، لە یاریگای 12ی ئازار، شاری قامیشلۆی رۆژئاوای کوردستان ئاهەنگێک سازکرا.
لە پەراوێزی ئاهەنگی یادکردنەوەکەدا، هەمرین عەلی، هاوسەرۆکی ئاسایشی رۆژئاڤا لە هەریمی جەزیرە تایبەت بە بەشی کوردی/سۆرانی نۆرس پرێس دوا و پیرۆزبایی نۆهەمین ساڵەی دامەزراندنی هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی جەزیرەی لە کەسوکاری شەهیدان و پێکهاتەکان و گەلی کوردی وڵاتپارێزی رۆژئاوای کوردستان راگەیاند.
هەمرین وتی، ئاسایش بە توانای کچان و کوڕانی گەل و بە هەڵگیرساندنی شۆڕشی رۆژئاڤا، دامەزراوە، هەروەک وتیشی کە سەرجەم پێکهاتەکان لە ریزەکانی ئاسایشدا بوونیان هەیە.
هاوسەرۆکی ئاسایش باسی لە توانا و رۆڵی ئاسایشی رۆئاڤا کرد لە پاراستنی ناوچەکە و بەرەنگاربوونەوەی ئازایانەیان دژ بە داعش، تا گەشت بەوەی ئەرکی پاراستنی ناوچەکە بگرێتە ئەستۆ و سەرجەم مەترسییەکانی دوژمن و هەوڵدانیان بۆ نانەوەی دووبەرەکی لەنێو پێکهاتەکاندا، بێدەنگ بکات.
هەمرین وتی ” دوژمنان هەموو هەوڵێکیان خستە کار بۆ لەباربردنی ئەم ئەزموونە و هێزەکانیان، بەڵام بە هەوڵی بێوچانمان و بە هاوکاری بەڕێوبەری خۆسەر و پیاوماقوڵانی ناوچەکە، توانیمان بەر بەم مەترسییە بگرین و دوژمن تێکبشکێنین.”
لە وەڵامی پرسیاری نۆرس پرێسدا دەربارەی هاریکاری کردنیان لە لایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی یان هەر هێزێکی بیانیەوە، هەمرین وتی، ” لە راستیدا هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاڤا بەشێکن لە هێزەکانی سوریای دیموکرات، یان بەشێکن لە هێزی گەرەنتیکەر لە رۆژئاوای کوردستان، بۆیە لەسەر بنەمای روبەڕوبوونەوەی داعش و بۆ پاراستنی ناوشار لە کردەوە تیرۆریستییەکان و تەقینەوەکانی داعش لەناو شاردا، هاوکاری هێزەکانمان کراوە.”
لە وەڵامی پرسیاری نۆرس پرێسدا، دەربارەی پەیوەندی و هەماهەنگی هێزەکانی ئاسایشی رۆژئاڤا بە هەرێمی کوردستان و ئاسایشی هەرێمەوە لە دژایەتیکردن و روبەڕوبوونەوەی داعشدا، هەمرین عەلی وتی بەداخەوە تا ئێستا هەماهەنگییەکی ئەوتۆ نییە، بەڵام ئامادەیی هەسەدەی راگەیاند بۆ سازدانی هەر جۆرە گفتوگۆ و هەماهەنگیەک لە بواری ئەمنیدا، لەگەڵ “هێزی دەرەکی”، بە گوێرەی ناونانی ئەو.