دیمەشق – نۆرس پرێس
بازرگانی کەنەدی-ئەمریکی، ئیلۆن ماسک، دەستەی بەڕێوەبەری تویتەری هەڵوەشاندەوە و خۆی وەک “تاکە بەڕێوەبەری” کۆمپانیاکە دەستنیشانکرد، دوای ئەوەی هەفتەی رابردوو بوو بە خاوەنی تەواوی کۆمپانیەکە.
راستەوخۆ دوای تەواوبوونی کارەکانی کڕینی کۆمپانیای تویتەر بە بڕی 44 ملیار دۆلار لە پێنجشەممەی رابردوودا، ماسک چەند کارگێڕێکی باڵای لە کارەکانیان دوورخستەوە، لەنێویاندا “پاراگ ئاگراوال”ی بەڕێوەبەری جێبەجێکار.
ئەم هەنگاوەی ماسک نوێترین هەنگاوی زنجیرەیەک چاکسازییە کە بەنیازە جێبەجێی بکات، لە نێویاندا دەستەی کارگێڕی هەڵوەشاوە، لە نۆ بەڕێوەبەر پێکهاتبوو.
رۆژی یەکشەممە، ماسک رایگەیاند کە تویتەر بیر لە نوێکردنەوەی تەواوەتی شێوازەکەی دەکاتەوە و نیشانەی پشتڕاسکراوەی شین لەسەر پڕۆفایلی پیشان دەدرێن بۆ دڵنیاکردنەوەی بەکارهێنەران.
بەپێی پلانە پێشنیار کراوەکەی ماسک، بەکارهێنەرانی رێگەپێدراو 90 رۆژیان لەبەردەستدایە بۆ بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە ئایا دەیانەوێت مانگانە 4.99 دۆلار بدەن یان رووبەڕووی ئەگەری لەدەستدانی دۆخی “دڵنیاکردنەوە” دەبنەوە، بەپێی هەواڵنامەی تەکنەلۆژیای پلاتفۆرم.
هەروەها لەنێو پلانەکانی ماسکدا ئەوەیە کە بە ئاشکرا بیر لە دەرکردنی تا 75%ی هێزی کاری تویتەر بکاتەوە.
لای خۆشیانەوە کارمەندانی تویتەر دژی زۆرێک لە دەستپێشخەرییەکانی ماسک وەستانەوە، هەروەها نامەیەکی کراوەیان بڵاوکردەوە کە سەرکۆنەی ئەو هەنگاوەیان کرد.
کارمەندەکان دەڵێن: “هەڕەشەیەک بەم قەبارەیە بێباکانەیە و متمانە لای بەکارهێنەران و کڕیارەکانمان ناهێڵێت.”
پایەیەکی پلانەکانی ماسک پابەندبوونی گشتی بوو بە ئازادی رادەربڕین و راستکردنەوەی لایەنگری سانسۆری سیاسی لە تویتەر.
ماسک لە تویتەر نووسیویەتی: “هۆکاری ئەوەی من خاوەنی تویتەرم ئەوەیە کە گرنگە بۆ داهاتووی شارستانیەت کە گۆڕەپانێکی دیجیتاڵی هاوبەش هەبێت، کە بتوانرێت بە شێوەیەکی تەندروست و بەرفراوەن بیروباوەڕەکان دەرببڕێت، بەبێ ئەوەی پەنا بۆ توندوتیژی ببرێت”.
بەڵام ماسک ئاماژەی بەوەشکردووە، “روونە کە ناکرێت تویتەر بەخۆڕایی بێت بۆ هەمووان”.