گیانلەدەسدانی باوک و کوڕێک لەژێر ئەشکەنجەدا لە زیندانی سیدنایا

دیمەشق – نۆرس پرێس

باوکێک و کوڕەکەی لە زیندانی سیدنایای حکومەتی سوریا لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستدا، هەرچەندە نزیکەی دوو ساڵ لەمەوبەر خۆیان رادەست بە حکومەت کردوەتەوە و یەکلاییبوونەوەیان بە سەرپەرشتی مانگی سووری سوریا و ناوەندی ئاشتەوایی روسیا، ئەنجامداوە.

ئەنجومەنی عەشایەری تەدمیر و بیابانی سوریا لە کامپی روکبان لە بەیاننامەیەکدا رایانگەیاندووە، موئەیەد عوبێد و عەبدولعەزیز عوبێد “لە ژێر ئەشکەنجەدا لە زیندانی بەدناوی سیدنایا گیانیان لەدەستداوە”، کە خەڵکی گوندەواری رۆژهەڵاتی حومسن.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەلعوبەید و کوڕەکەی دوای گەرانەوەیان لە روکبانەوە بۆ گوندەواری رۆژهەڵاتی حومس لە ساڵی 2020، و دوای تێکچوونی بارودۆخی ژیان لە کامپەکەدا، خۆیان رادەست کردوەتەوە.

بەپێی راگەیەندراوی خێڵەکان، یەکشەممەی رابردوو هەواڵی گیانلەدەستدانیان بیستووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ئەلعوبێد بە “ئەلعەرەبی ئەلجەدید”ی راگەیاند، موئەیەد ئەلعوبێد (45 ساڵ) و کوڕەکەی عەبدولعەزیز ئەلعوبێد (26 ساڵ)، لە کامپی روکبانەوە گەڕاونەتەوە بۆ شوێنی لەدایک بوونیان، شاری ئەلقەریەتێن لە گوندەواری رۆژهەڵاتی حومس، لە ناوەڕاستی ساڵی 2020، دوای ئەوەی وەک زۆرێک لە خێزانەکانی دیکە، خۆیان رادەست کردەوە.

ئەو سەرچاوەیە هێمای بۆ ئەوە کردووە کە “دەزگا ئەمنییەکانی رژیم، نزیکەی دوو مانگ دوای گەڕانەوەیان بۆ شاری ئەلقەریەتین، موئەیەد و کوڕەکەی دەستگیر کرد و بردیان بۆ شوێنێکی نادیار و دوو ڕۆژ لەمەوبەریش هەواڵی گیانلەدەستدانیان گەیشت بەوان، بەبێ ئەوەی تەرمەکان بە خێزانەکەیان بدرێتەوە.”

دانیشتوانی کامپی روکبان کە ژمارەیان نزیکەی 12هەزار کەسە، لە ساڵی 2018ەوە بەدەست گەمارۆیەکی سەختەوە دەناڵێنن و هێزەکانی حکومەت بە بیانووی نەبوونی ئاسایش لەوێ رێگریان لە گەیشتنی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان کردووە بۆ کامپەکە.

کەمپی روکبان دەکەوێتە ناوچەی 55 کیلۆمەتری رۆژهەڵاتی پارێزگای حومسەوە، لە سنووری رۆژهەڵاتی سوریا لەگەڵ ئوردن و عێراقدا.

لە ساڵی 2014 دامەزرا بۆ ئەوەی خەڵکی ئاوارەی تێدا نیشتەجێ بکرێت، کە زۆربەیان خەڵکی پارێزگاکانی رۆژهەڵات و حومس و شاری تەدمر بوون، کە لە کاتی شەڕەکانی نێوان چەند هێزێک لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) ئاوارە بوون.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی : قەیس عەبدوڵا