دوای دوو ساڵ بچڕان..31-مین کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی لە جەزائیر

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوای دوو ساڵ وەستان بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، ئەمڕۆ سێشەممە، 31-مین کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی لە پایتەختی جەزائیر بەڕێوەدەچێت، ئەمەش نۆیەمین لوتکەیە کە دیمەشق بەشداری پێناکرێت، لە ژێر ڕۆشنایی قەیرانی سیاسی و ململانێکان ئەو وڵاتە لە ساڵی 2011ەوە دوورخراوەتەوە لەو لوتکەیە.

ئەمە چوارەم جارە کە جەزائیر میوانداری ئەو لوتکەیە دەکات و هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی سەرهەڵدانی “شۆڕشی رزگاریخوازی جەزائیر” لە 1ی تشرینی دووەمی 1954 دا.

سوریا لەم لوتکەیە دوورخراوەتەوە، بەو پێیەی لە ساڵی 2011ەوە ئەندامێتی وڵاتەکەی هەڵپەسێردراوە، بەهۆی بەردەوامی شەڕی ئەو وڵاتە و ناکۆکیە عەرەبییەکان لەسەر شێوەزی سیستەمی سیاسی لە دیمەشق.

دوێنی سەرکردەکانی وڵاتانی عەرەبی گەشتن بە جەزائیر بۆ بەشداریکردن لە لوتکەکەدا و لەلایەن عەبدولمەجید تێبۆنی سەرۆکی جەزائیرەوە پێشوازییان لێکرا.

لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆک و پادشاکانی سعوودیە، مەغریب، سەڵتەنەتی عەمان، بەحرەین، لوبنان، ئیمارات، کوەیت و ئوردن، ئامادەنەبوون، بەڵام سەرۆک وەزیران و جێگرانی سەرۆک و پاشاکان نوێنەرایەتیان کردن.

سەرۆکی ئەنجوومەنەکانی سەرۆکایەتی لە سودان و یەمەن و لیبیاش، بە هۆی بوونی دابەشبوونی سیاسی لە وڵاتەکانیاندا، بەشداری دەکەن.

 رۆژی شەممەی رابردوو کارەکانی کۆبوونەوەی ئامادەکاری وەزیرانی دەرەوەی عەرەب بۆ ئەنجومەنی کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبی لە ئاستی لوتکە دەستی پێکرد.

لوتکەکە لە 1 و 2ی ئەم مانگەدا بەردەوام دەبێت، لە قۆناغێکی ناوازەدا بەڕێوەدەچێت کە تیایدا نیوەی وڵاتانی عەرەبی تووشی قەیرانی سیاسی و ئابووری دەبن، کە توندترینیان لە سوریا، یەمەن، لیبیا، سودان، لوبنان، فەلەستین و تونسدایە .

هەروەها لوتکەکە هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامبوونی ململانێی ناڕاستەوخۆی نێوان رۆژئاوا و رۆژهەڵات، کە نوێنەرایەتی لە شەڕی رووسیا و ئۆکرانیادا دەکرێت، کە کاردانەوەی لەسەر ئاستی جیهان هەبووە، بەتایبەتی لە کەرتی وزە و خۆراکدا.

لە ساڵی 2019دا تونس میوانداری دوایین لوتکەی عەرەبی کرد، کۆمکاری دەوڵەتانی عەرەبیش لە سەرەتای ساڵی 2020 دواخستنی لوتکەی عەرەبی بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند، کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی 2022 بەڕێوەبچێت.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی : هۆزان زوبەیر