شانەی راگەیاندنی ئەمنی: تەقینەوەی تانكه‌ره غازه‌كه‌ی‌ دوو رۆژی رابردووی بەغداد تیرۆرستی نەبووە

هه‌ولێر- نۆرس پرێس

ئەمڕۆ دووشەممە شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق رایگه‌یاند، تەقینەوە‌ی تانكه‌رێكی غاز له‌ شەوی شەممەی رابردوو له‌ شاری بەغدا بەهۆی کردەوەی تیرۆرستییەوە نەبووە.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشكرایكرد، لە دوای ئەو تەقینەوەیەی كه‌ شەوی شەممە بەغدادی پایتەختی گرتەوەو بەهۆیەوە ژمارەیەک هاوڵاتیی کوژران و برینداربوون، لەسەر راسپاردەی فەرماندەیی هێزە چەکدارەکان لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکە دەستیپێکرد.

ئاماژەی بەوەش کرد، بە پێی لێکۆڵینەوەکان رووداوەکە بەهۆکاری هونەری روویداوە، کە بریتی بووە لە پەنگخواردنەوەی غاز لە ناو تانکەری بارهەڵگرەکەدا.

ئاشکراشی کرد، رووداوەکە بە هۆی پشتگوێخستنی مەرجەکانی سەلامەتییەوە بووە، هیچ نیشانەیەکی تاوانکاری یان تیرۆرستی پێوە نییە، لەمەودوا رێوشوێنی جددی بەرامبەر ئەو بارهەڵگرانە دەگیرێتە بەر کە دێنه‌ ناو پارێزگاکان.

شەوی شەممەی رابردوو لە لە ناوچەی بنوکی رۆژهەڵاتی شاری بەغداد تانکەرێکی گواستنەوەی سوتەمەنی تەقییەوە و بەهۆیەوە دەیان کەس کوژران و برینداربوون، لە کاتی رووداوەکەدا پێشبینی ده‌كرا تیرۆرستی بێت.