نێچیرڤان بارزانی بڕیاری لێخۆشبوون بۆ هه‌زاران كه‌س ده‌رده‌كات

هه‌ولێر – نۆرس پرێس

رۆژی دووشه‌ممه‌، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان فەرمانی لێخۆشبوونی بۆ هەزار و 659 کەس دەرکرد کە فەرمانی دەستگیرکردنیان هەیە و زۆربەیان پێشتر سەر بە هێزەکانی ناوخۆ بوون.

دڵشاد شەهاب، راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند، ئەو کەسانەی لێخۆشبوونیان بۆ ده‌رچووه‌ تاوانیان نەکردووە و مەترسی نین بۆسەر کۆمەڵگە.”

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بەدواداچوونی کردووەو بۆ ئه‌و ژمارە زۆرەی کە زۆرجار باس دەکرێت کە زیاتر لە سێ هەزار کەسه‌و داواکراون لە دادگە، بەڵام نەچوونەتە بەردەم دادگاكان، بۆی ده‌ركه‌وتووه‌ كه‌ بەشێک لەو کەسانە وازیان لە هێزەکانی ناوخۆ هێناوە ئێستا کارێکی دیکە دەکەن، بەڵام فەرمانی گرتنیان هەیە، چونکە دەستیان لە کارەکەیان هەڵگرتووە، بەبێ ئەوەی دەست لەکار بکێشنەوە، بەگوێرەی یاسا ئەو کەسانە “حوکمی غیابیان” لەسەرە.

راوێژکاری باڵای سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕگەکانی فەرمانەکەی روونکردەوە وتی: ئەگەر کەسێک جگە لەم حوکمی “غیاب”ـە تاوانێکی دیکەی لەسەر بێت یان موڵکی دەوڵەتی لابێت ئه‌وه‌ بابەتێکی دیکەیە.

ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، فەرمانەکە لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە دەرچووە؛ ئەم کەسانە تاوانبارێک نین کە تاوانیان دژی مافی گشتی یان مافی تایبەتی کردبێت. سەرپێچییەکی ئیدارییان کردووە ئەگەرنا هیچ مەترسییەک لەسەر کۆمەڵگە دروستناکەن.