یەکێتی ئەوروپا بەنیازە سوپای پاسدارانی ئێران بخاتە لیستی تیرۆرەوە

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئانالینا باربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، ئێوارەی یەکشەممە رایگەیاند، وڵاتەکەی و یەکێتی ئەوروپا بیر لەوە دەکەنەوە سوپای پاسدارانی ئێران وەک رێکخراوێکی “تیرۆریستی” دەستنیشان بکەن.

ئەم راگەیاندنە دوای هەفتەیەک دێت لەوەی کە ئەڵمانیا بڕیاریدا سزای توندتر بەسەر ئێراندا بسەپێنێت لە دەرەوەی پاکێجی سزاکانی یەکێتی ئەوروپا.

ئەو قسانەی وەزیرە ئەڵمانیاکە دوای رۆژێک هات کە حوسێن سەلامی فەرماندەی سوپای پاسدارانی ئێران هۆشداریی بە خۆپیشاندەران دا کەوا رۆژی شەممە دوا رۆژ دەبێت بۆ رژانە سەر شەقامەکان.

لێدوانەکەی سەلامی هەڕەشەیەک بوو لە دژی خۆپیشاندەران، هەروەها نیشانەیەک بوو بۆ ئەوەی کە رەنگە هێزە ئەمنییەکان سەرکوتکردنی ناڕەزایەتییەکان لە سەرانسەری وڵات چڕتر بکەنەوە.

سوپای پاسداران بەشێکە لە سوپای ئێران و ئەرکی پاراستنی سیستمی سیاسی ئیسلامی لەو وڵاتەدا پێسپێردراوە، هەروەها کەرتە بازرگانییە زەبەلاحەکانی ئێرانیان کۆنترۆڵ کردووە، ئەمە جگە لەوەی لەرووی “سەربازی-سیاسی” یەوە، باڵیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیە.

ماوەی مانگ و نیوێکە ئێران ناڕەزایەتی بەرفراوان بەخۆوە دەبینێت کە کەم نابێتەوە، لەدوای گیانلەدەستدانی کچە کوردەکە ژینا ئەمینی لە ژێر دەستی پۆلیسی “ئەخلاقی ئێران”دا.

ناڕەزایەتییەکان لە رێگەی لێدوانی بەرپرسانی باڵا و هەڵمەتەکانی هاودەنگیی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤەوە، سەرنجی جیهانیان بۆ خۆیان راکێشاوە، هاوکات ئێران ئەو وڵات و قەوارانە بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتەکەی تۆمەتبار دەکات.

سەبارەت بە ئاستی دانوستانەکان بۆ زیندووکردنەوەی رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران، باربۆک وتی کە لە ئێستادا هیچ دانوستانێک لەسەر رێککەوتنی ناسراو بە پلانی هەمەلایەنەی هاوبەشی نێوان وڵاتانی رۆژئاوا و ئێران، بوونی نییە.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە مانگی نیسانی رابردوودا سوپای پاسدارانی ئێرانی وەک “رێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی” دەستنیشان کرد

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر