بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیانی داڕمانی پردەکەی هیندستان بۆ زیاتر لە 130 کەس
دیمەشق – نۆرس پرێس
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە لە ویلایەتی گوجاراتی رۆژئاوای هیندستان پردێکی هەڵواسراو بەسەر رووبارێکدا داڕما و بەهۆیەوە 132 کەس گیانیان لەدەستدا.
دەسەڵاتدارانی هیندستان رایانگەیاندووە، رووخانی پردی پیادە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم، بەسەر رووباری ماتشودا دەڕوانێت لە ناوچەی مۆربی لە رۆژئاوای وڵاتەکە، بەهۆی ئەوەوە بووە کە بەرگەی قورسایی ئەو قەرەباڵغییە زۆرەی نەدەگرت.
وەرزی فێستیڤاڵەکانی هیندۆسەکان سەدان کەسی بۆ ئەو ناوچەیە گەشتیارییە راکێشاوە کە بەم دواییە لە دەوری پردەکە کرایەوە.
تا ئێستا روون نەبووەتەوە کە چەند کەس لەسەر پردە 230 مەترییەکە بوون، بەڵام بەرپرسان ترسیان هەیە ژمارەی گیانلەدەسدان بەرزبێتەوە.
هارش سانگڤی، وەزیری دەوڵەت بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، تا ئێستا 132 کەس گیانیان لەدەستداوە، ژمارەیەکی زۆریشیان بە دۆخێکی ناجێگیرەوە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکان.
سەنگڤی ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانی فریاگوزاری بەردەوامن لە گەڕان بەدوای رزگاربووانی رووبارەکەدا، لەنێویاندا تیمەکانی سوپای هیندستان، هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانی.
لە گرتە ڤیدیۆییەکان لە سۆشیال میدیادا دەرکەوتووە کە خەڵک خۆیان بە کێبڵە کانزاییەکانی پردە بەشێکیەکەوە هەڵدەواسن، لەکاتێکدا تیمەکانی فریاکەوتن و کارمەندانی فریاگوزاری بەلەم و تایەی باڵداریان بەکارهێناوە بۆ گەیشتن بەوان.
هەروەها دەرکەوتووە کە هەندێک کەس بە مەلەکردن بەرەو کەناراوەکان هەوڵی خۆرزگار کردن دەدەن، هەندێکی دیکەش کە لە ئاوەکە دەرهێنراون، بە ئۆتۆمبێلی تایبەت و ئەمبولانس گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەکان.
نارێندرا مودی، سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەوەی روویدا بە “کارەسات” وەسف کرد، لە کاتێکدا نووسینگەکەی قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری قوربانییەکانی راگەیاند و داوای خێراکردنی هەوڵەکانی رزگارکردنی کرد.
رووخانی پردەکە سێیەم کارەساتی گەورەیە لە سێ وڵاتی رۆژهەڵاتی ئاسیا لە ماوەی مانگی تشرینی یەکەمدا، کە سەدان کەسی تێدا بووە بە قوربانی.