کوژرانی مێردمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران

گوندەواری باکووری حەڵەب – نۆرس پرێس

دوێنێ، مێردمنداڵێکی تەمەن 16 ساڵ لە کاتی بەشداریکردنی لە خۆپیشاندانەکانی دوێنێی پیرانشار بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران گیان لەدەست دەدات.

کۆمار دەرۆفتادە،ی تەمەن 16 ساڵ خەڵکی پیرانشارە  دوای بەشدارییکردنی لە  خۆپێشاندانەکانی رۆژی 30-10-2022ـی پیرانشار بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکانی ئێران گیانی لەدەستدا.

ئەو مێردمنداڵە چەند کاتژمێرێک پێش ڕوداوەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی لە ئینستاگرام ئەم پۆستەی کردبوو، “ئێمە خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستین، هەندێکمان لە جەنگ دەکوژرێین، هەندێکمان لە بەندیخانە، هەندێکمان لەسەر شەقام دەمرین، هەندێکمان لە دەریادا نقووم دەبین، تەنانەت کەژە بەرزەکانیش تۆڵەی تەنیاییان لە ئێمە دەکەنەوە، چونکە ئێمە کارمان مردنە.”

ئەمەش لە کاتیکدایە هەر لە پیرانشارڕۆژی شەممە دیانا مەحموودیی تەمەن 12 ساڵ بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی ئێران گیانی لەدەست دا.

ناڕەزایەتییەکان هەموو شوێنێک و چێن و توێژەکانی گرتۆتەوە بە تایبەت لە ناوچە کوردستانییەکان . تەنانەت ئێستا چلەی ئەو کەسانەشدا لە ناڕەزایەتییەکاندا گیانیان لەدەستداوە، بووەتە شوێنی ناڕەزایەتی دەربڕین.

شەوی رابردوو ناڕەزایەتییەکان لە هەندێ لە شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بەردەوام بوو. وەکو سنە، دیواندەرە، مەریوان، مهاباد و ئیلام.

لە ئیلام خەڵک لە بازاڕی شاردا کۆبوونەوە و، هێزە ئەمنییەکان بەرەنگاریان بووەنەوە. ئەوە بووە هۆی تێکهەڵچوون لە نێوانیاندا.

ناڕەزایەتییەکان لە گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینییەوە دەستیان پێکرد، کە باوکی دەڵێت دوای دەستگیرکردنی کوژراوە. ئەو بەتۆمەتی نەشیاویی باڵاپۆشییەوە لەلایەن پۆلیسی رەوشتی تاران دەستگیرکرا. بەڵام سەرەڕای 45 رۆژ ناڕەزایەتی بەردەوام دەسەڵات هیچ پاشەکشێی نەکردووە. عەلی خان محەممەدی، گوتەبێژی ناوەندی فەرمان بە چاکە و دوورکەوتنەوە لە خراپە، دەڵێت، لە پرسی باڵاپۆشیدا بەهیچ شێوەیەک ناکشێنەوە.

ناڕەزایەتییەکان بەشێوەیەکی کەموێنە زانکۆ و تەنانەت قوتابخانەکانیشی گرتووەتەوە. ئیبراهیم رەئیسی، سەرۆککۆماری ئێران دەڵێت، “لەو بابەتانەدا لەم دواییەدا روویاندا، زانکۆ باشترین شوێنە بۆ ئەوەی تاوتوێی بکات.. ئێستا شەڕ شەڕی گێڕانەوەکانە، هەر کەس شتێک دەگێڕێتەوە، بەڵام گرنگ ئەوەیە ئەم گێڕانەوەیە لەسەر بنەمای راستییەک بێت.”

ناڕەزایەتییەکان هەر جارەو لە شوێنێکەوە سەرهەڵدەدەن. تەنانەت ئێستا چلەی ئەو کەسانەشدا لە ناڕەزایەتییەکاندا گیانیان لەدەستداوە، بووەتە شوێنی ناڕەزایەتی دەربڕین.