لیژنەی سوتەمەنیەکان: لە ماوەی 10 رۆژدا دابەشکردنی نەوت لە قامیشلۆ کۆتایی دێت
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ یەکشەممە، بەرپرسێکی لیژنەی سووتەمەنی قامیشلۆ، لە رۆژئاوای کوردستان، رایگەیاند، دابەشکردنی نەوتی گەرمکەرەوە بۆ سەرجەم گەڕەکەکانی شارەکەدا، لە ماوەی دە رۆژی داهاتوودا، بە کۆتایی دەگەێنن.
عەبدولحەلیم عەکۆ، هاوسەرۆکی لیژنەی سووتەمەنی بە نۆرس پرێسی راگەیاند، لە سەرەتای مانگی تەمموزی رابردووەوە تا ئێستا بڕی 12 ملیۆن و 500 هەزار لیتر نەوتی گەرمکەرەوەیان بەسەر ماڵەکانی قامیشلۆدا دابەشکردووە.
ژمارەی ئەو خێزانانەی سوودمەند دەبن لەو دابەشکردنە نزیکەی 41 هەزار کەسن، دابەشکردنەکەش بۆ هەموو کەسێکە، سەرەڕای بوونی خێزانی نوێ کە لە ناوچەکانی دیکەوە دێن، بە گوتەی عەکۆ.
ئاماژەی بەوەشکردووە، لیترێک نەوت بە 150 لیرەی سوری دابەشدەکرێت، ئەمە جگە لەوەی 10 لیرەی دیکە بۆ خاوەن تانکەرەکان وەردەگیرێت ، هەروەها 300 لیتر (بەرمیل و نیوێک) بە هەر خانەوادەیەک دەدرێت.
سەبارەت بە کوالێتی سووتەمەنیەکانی ئەمساڵ، عەکۆ بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بە “باش” وەسفی کردووە، هەرچەندە سووتەمەنیەکان سەرەتایین و ئەستەمە مادەکە بە تەواوی فلتەر بکرێت، “ناتوانین بڵێین گەیشتوینەتە کوالێتی نێودەوڵەتی”.
لەگەڵ هاتنی وەرزی پایزدا تانکەرەکانی سووتەمەنیش بەردەوامن لە فرۆشتنی نەوت لە ناوچە جیاجیاکانی شاری قامیشلۆ.