هەشتەمین فێستیڤاڵی پایز و هەنار لە پارێزگای هەڵەبجە

سلێمانی – نۆرس پرێس

دوێنێ دواهەمین رۆژی هەشتەمین فێستیڤاڵی هەنار بوو لە پارێزگای هەڵەبجە، هەرێمی کوردستان، کە بە بەشداری نزیكەی 700 جوتیار و فرۆشیار بەڕێوەچوو، فێستیڤاڵەكەش 3 رۆژ بەردەوام بوو.

رۆژی پێنجشەممەی رابوردوو لە پارێزگای هەڵەبجە هەشتەمین فیستیڤاڵی هەنار بەڕێوەدەچوو كە تێدا چەندین بەروبومی جیاواز نمایشكرا و ئامانج لە فیستیڤاڵەكەش بە بازاڕكردن و ساغكردنەوەی هەنار و بەربوومەكانی دیكەی ناوچەكە بوو.

رێكخەرانی فیسیڤاڵەكە باس لەوەدەكەن، لە فیستڤاڵەكەدا نزیكەی 700 جوتیار و فرۆشیار بەشداریان تێدا كردووە و بەرهەمەكانیان نمایش کردووە و ماوەی سێ رۆژ بەردەوام بوو.

بە وتەی جوتیارانی ناوچەكە ئەمساڵ بەرهەمی هەناری هەڵەبجە كەمیكردووە بەراورد بە ساڵانی رابردوو، بەڵام بەرهەمەكەی ئەمساڵ باشە، هەناری هەڵەبجە یەكێكە لە بەروبوومە ناودارەكانی هەرێمی كوردستان كە لەم چەند ساڵەی دواییدا خواستێكی زۆری لەسەرە.

کچان و ژنان بەشێکی دیکە بوون لە خاوەن کار و بەرهەمەکانی فێستیڤاڵەکە و بە بەرهەمی جیاواز بەشداریەکی چالاکیان لە ڤیستیڤاڵەکەدا پیشاندا.

گەشتیار و سەردانیکەرانی فێستیڤاڵەکە لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستانەوە بۆ فێستیڤاڵەکە هاتبوون؛ بەشێکیان لە دهۆک، بەشێکی دیکەیش لە هەولێر و کەرکوک و سلێمانییەوە چوون و ئامادەکاری کرابوو بۆ رۆشتنی زیاتر لە 100 هەزار کەس.

دەربارەی داهات  و بەشداربووانی ڤیستیڤاڵەکە، ئەرسەلان عابید، سەرۆکی تۆڕی رێكخراوەکانی هەڵەبجە، كه‌ یه‌كێك بووە له‌ رێكخه‌رانی فێستیڤاڵەکە له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند، له‌ماوه‌ی ئه‌و سێ رۆژه‌دا 250 هەزار گەشتیار بە مەبەستی بەشداریکردن لە هه‌شته‌مین فێستیڤاڵی هه‌نار و پایزی هه‌ڵه‌بجه‌ بۆ به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كان سەردانى ناوچەکەیان کردووە.

لە درێژەى قسەکانیدا ئەرسەلان عابید ئاماژەى بەوەشکرد، داهاتى ئەو بەرهەمانەى لە لە هەشتەمین فێستیڤاڵی هه‌نار و پایزی هه‌ڵه‌بجه بۆ به‌رهه‌مه‌ خۆماڵییه‌كان‌ فرۆشراون گەشتووەتە بڕی 950 ملیۆن دینار.