کچۆڵەیەکی 13 ساڵەی رۆژئاڤا خەڵاتی ئاشتی نێودەڵەتی پێدەبەخشرێت

هەولێر – نۆرس پرێس

کچۆڵەیەکی کوردی رۆژئاوای کوردستان کە تەمەنی 13 ساڵە، رەزامەندی لەسەر دراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی نێودەوڵەتی لە بەرامبەر هەوڵەکانی بۆ پاڵپشتیکردن لە هاوتەمەنەکانی خۆی و گەیاندنی خەم و ئازاریان .

تۆڕی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ، رایگەیاند، “سیرین مەزڵوم نەعسان”ی 13 ساڵەی خەڵکی شارۆچکەی عەفرینی رۆژئاوای کوردستان و دوای ئەوەی تۆڕی سوری بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی منداڵان کاندیدیکرد، کاندیدکردنەکەی قبووڵکرا.

تۆڕی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە راگەێنراوێکدا وتی، سیرین لەگەڵ 170 منداڵی دیکە لە سەرانسەری جیهان بۆ وەرگرتنی خەڵاتی ئاشتی منداڵان کاندیدکراوە و کاندیدکردنەکەشی لەلایەن لیژنەی پەیوەندیدارەوە پەسندکراوە.

کچە کوردە، بە سەردانە لەسەر یەکەکانی بۆ کامپی ئاوارەکانی رۆژئاڤا و گوتنەوەی گۆرانی و ژەنینی میوزیک و وێنەکێشان، بەشێک لە خەم ئازاری هاوتەمەنەکانی رەواندووەتەوە.

ئەو خۆی خەڵکی عەفرینی داگیرکراوە و ئاوارەیە، ئەمەش هێزێکی زیاتری پێدەبەخشێت لە تێگەیشتن لە دۆخی ئاوارەکان و هاوکاریکردنیان بە کەرەستەی رەوانی وەک مۆسیقا، جگە لەوەش ژیانی راستەقینە و ئاواتی منداڵان لە نیگارەکانیدا نیشاندەدات.

جێگەی باسە سیرین چەندین پەیامی ڤیدیۆیی بە کوردی و عەرەبی ئاراستەی جیهانیان کردووە و دەڵێ: شەڕ رابگرن، ئێمە دەمانەوێ منداڵانی سووریا وەک هەموو منداڵانی جیهان، لە مافە سەرەتاییەکانیان سوودمەندبن”.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: بەهزاد