هه‌ولێر – نۆرس پرێس
بەرپرسانی کۆریای باشوور دەڵێن، بەهۆی چەقبەستووی و پاڵەپەستۆوە، لە ئاهەنگێکی هەڵەوین لە سیئۆلی پایتەختی کۆریای باشوور 59 کەس گیانیان لەدەستدا.
ئاژانسی هەواڵی یۆنهاپ بڵاویکردەوە، به‌هۆی قه‌ره‌باڵغی و به‌شداریكردنی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌هاوڵاتیان له “جه‌ژنی هاڵۆوین” چه‌ندین كه‌س كه‌وتونه‌ته ژێر پێوه و زیانی گیانیان پێگه‌یشتوه، تیمەکانی فریاكه‌وتنی ته‌ندروستیش هەوڵی زیندوکردنەوەی دڵ و سییەکانیان داوە بۆ نزیكه‌ی 50 کەس لە ناوچه‌ی ئیتایڤۆن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردوه، به‌پێی ئاماره‌كان تا ئێستا كه تۆماركراون 59 كه‌س گیانیان له‌ده‌ستداوه و زیاتر له 150 كه‌سی دیكه‌ش برینداربون و پێده‌چێت رێژه‌كه به‌ره‌و زیادبون بڕوات، تیمه‌كانی ته‌ندروستیش له‌هه‌وڵدان بۆ رزگاركردنی ئه‌و كه‌سانه‌ی پێویستیان به‌یارمه‌تی هه‌یه و ناتوانن له‌ناو ئاپۆڕا و قه‌ره‌باڵغی هاوڵاتیان ده‌ربچن.
بەرپرسانی کۆریای باشور پێشتر ڕایانگەیاندبو، نزیکەی 100 کەس برینداربون، ژمارەیەکی دیارینەکراویش ترسی گیان لەدەستدانیان هەیە، دوای ئەوەی لەکاتی ئاهەنگەکانی هاڵۆوین لە سیئۆلی پایتەخت لە شەقامێکی تەسکدا لەلایەن جەماوەرێکی زۆرەوە ئاڵۆزی و قه‌ره‌باڵغیه‌كی زۆر دروستبو.
ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس لە زاری چۆی چون سیک بەرپرسێکی دەزگای به‌رگری شارستانی نیشتمانییەوە بڵاویکردەوە، “لە میانی شەپۆلی قەرەباڵغی شەوی شەممەدا لە ناوچەی کاتبەسەربردنی ئیتایۆن، نزیکەی 100 کەس برینداربون و تا سەرەتای یەکشەممە نزیکەی 50 کەس چارەسەری وەستانی دڵیان بۆ كراوه.
ئاماژەی بەوەشکرد، زیاتر لە 400 کارمەندی فریاکەوتن و 140 ئۆتۆمبێل لە سەرانسەری وڵاتەوە، لەنێویاندا سەرجەم کارمەندانی بەردەست لە سیئۆل، بۆ چارەسەرکردنی بریندارەکان ڕەوانەی شەقامەکان کراون.
میدیا ناوخۆییەکان ڕایانگەیاندوە، نزیکەی 100 هەزار کەس بۆ ئاهەنگەکانی هاڵۆوین ڕویان لە شەقامەکانی ئیتایۆن کردوە، کە گەورەترین ئاهەنگەکان بوە لە ساڵانی ڕابردوودا دوای ئەوەی سنوردارکردنی كۆرۆنا لە چەند مانگی ڕابردودا کەمکرایەوە.