هه‌په‌كه‌ كوژرانی 13 سه‌ربازی توركیا راده‌گه‌ێنێت

هه‌ولێر – نۆرس پرێس

ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل – هەپەگە كوژرانی 13 سەربازی توركیای راگه‌یاند، لە ناوچەکانی ئاڤاشین و گارە لە باشووری کوردستان.

له‌ راگه‌یێندراوێكدا هه‌په‌كه‌ ئه‌وه‌ی ئاشكراكرد‌، له‌ ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوودا له‌ ئه‌نجامی رووبەڕووی هێزەکانی تورکیا، 13 سه‌ربازیان كوشتووه‌و 4 دیكه‌شیان برینداركردووه‌ له‌ ناوچه‌كانی ئاڤاشین و گارە.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ دوێنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیان لەدەستدانی پێنج گەریلای لە هەرێمی کوردستان راگەیاند، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد،  گەریلاکان لە ناوچەی گارا لە رێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کراونەتە ئامانج.

 له‌سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵ لەلایەن سوپای تورکیاوە له‌ بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ له‌ باشووری كوردستان، وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 437 گەریلا و کوژرانی 63 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووه‌؛ لە بەرامبەردا هەپەگە کوژرانی دوو هەزار و 179 سەربازی تورکیا و گیان لەدەستدانی 144 گەریلای راگەیاندووە.