مافی مرۆڤی ئێران دوایین ئاماری قوربانییانی خۆپیشاندانەکان بڵاوده‌كاته‌وه‌

هه‌ولێر – نۆرس پرێس

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ئه‌وه‌ی ئاشكراكرد كه‌ له‌ خۆپیشاندانه‌كانی ئێران 253 کەس کوژراون.

رێكخراوه‌كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، لەو ژمارەیەش لانیکەم 34 کەسیان منداڵن كه‌ ته‌مه‌نیان له‌ خوار 18 ساڵه‌وه‌یه‌ و 19 یان ژنن.

لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلولی ئەمساڵەوە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان دوای کوژرانی ژینا (مەهسا) ئەمینیی بەردەوامە.

مەحمود ئەمیری موغەدام، بەڕێوەبەری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاندووە:”هیچ پاساوێک نییە بۆ دواکەوتنی گرتنەبەری ڕێوشوێنی کرداریی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی، لەکاتێکدا ئێران تەقە لە خەڵکی بێ بەرگریی دەکات. مەترسی كوشتنی بەكۆمەڵی خۆپیشاندەران زۆر جدییە و ئەرکی نەتەوە یەكگرتووەكانە ڕێگربێت لە كارەساتێكی لەو شێوەیە”.

تا ئێستا لە 21 پارێزگای جیاوازی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان کوشتنی خۆپیشاندەران تۆمارکراون، زۆرترین گیان لەدەستدانیش لە پارێزگاکانی سیستان و بەلوچستان، مازەندەران، تاران، سنە و گیلان بووە.