ئه‌مڕۆ گه‌شته‌كانی نێوان فڕۆكه‌خانه‌کانی ئیستانبوڵ و كه‌ركوك ده‌ستیانپێکرد
هەولێر – نۆرس پرێس
له‌كاتێكدا تا ئێستا به فه‌رمی له‌لایه‌ن به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی عێراق و هێڵی ئاسمانی عێراقی کردنەوەى فڕۆکەخانەى کەرکوک رانه‌گه‌یه‌ندراوه، بەڵام بڕیارە ئه‌مڕۆ گه‌شته‌كانی نێوان فڕۆكه‌خانه‌ی ئیستانبوڵ و كه‌ركوك ده‌ستیانپێکرد و بۆ ئەو مەبەستەش یه‌كه‌مین فڕۆكه‌ی توركی گەشتە كه‌ركوك.
ئەمڕۆ كاتژمێر 1:10 خوله‌كی پاشنیوەرۆ، یەكەمین فڕۆكەی هێڵی ئاسمانی توركیش ئێرلاین لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی كەركوك نیشتەوە و بە مەبەستى دەستپێکردنى یەکەمین گەشتى نێوان شارى کەرکوک و فڕۆکەخانەى ئیستانبوڵ.
ئەوەش لەکاتێکدایە، تا ئێستا کردنەوەى فڕۆکەخانەى کەرکوک به فه‌رمی له‌لایه‌ن به‌رپرسانی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه‌ی عێراق و هێڵی ئاسمانی عێراقی رانه‌گه‌یه‌ندراوه، ته‌نانه‌ت روپەڕی تایبه‌تی فڕۆكه‌خانه‌كه، كه له‌دوای كردنه‌وه‌ی رۆژانه زانیاری بڵاوده‌كاته‌وه هیچ ئاماژه‌یه‌كی به گه‌شته‌كه نه‌كردووه.
جێگەى ئاماژەیە، رۆژى 16ى ئەم مانگە فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی كه‌ركوك دوور له چاوی میدیاكان و به‌بێ ئاماده‌بونی هیچ به‌رپرسێكی كورد كرایه‌وه و لە رۆژی 20ی مانگیش یه‌كه‌م گه‌شتی ئاسمانی ناوخۆیی له شاری به‌غداوه بۆ فڕۆكه‌خانه‌ی كه‌ركوك ئه‌نجامدرا و هه‌ر له‌و رۆژه‌دا یه‌كه‌مین گه‌شتی نێوده‌وڵه‌تی له فڕۆكه‌خانه‌ی كه‌ركوكه‌وه بۆ وڵاتی سعودیه ئه‌نجامدرا.