کارنامەی کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی بڵاوکرایەوە

هەولێر – نۆرس پرێس

بە فەرمی کارنامەی کابینەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراوی عێراق بڵاوکرایەوە، بەپێی کارنامەکە، حکومەتی نوێی عێراق جەخت لە ھەماھەنگی نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەکاتەوە.

بەپێی کارنامەکە ئەولەویەتی کاری حکومەتی نوێ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دارایی و کارگێڕی و چارەسەرکردنی بێکاری و رەخساندنی ھەلی کارە، ھاوکات چاو بە سەرجەم بڕیارەکانی حکومەتی کاربەڕێکدا دەخشێندرێتەوە، بە تایبەت بڕیارە ئابووری و ئەمنییەکان، ھەروەھا پارەی پترۆ دۆلار بۆ ئەو پارێزگایانەی خاوەنی نەوت و گازن خەرجدەکرێت.

بەگوێرەى کارنامەى حکومەتى نوێى عێراق بە سەرۆکایەتیى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو دۆسییەکانى نەوت، بودجە و ماددەى 140، لە مانگێک بۆ شەش مانگ یەکلایی دەکرێنەوە، حیزبە کوردستانییەکان بارەگایان لە ناوچە جێناکۆکەکان وەردەگرنەوە و چالاکیى سیاسى دەستپێدەکەنەوە.

ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لەدواى هەموارى یاساکەى و هەڵبژاردنى پێشوەختى پەرلەمان لە ماوەى ساڵێکدا و پێداچوونەوە بە بڕیارەکانى حکومەتى کاربەڕێکەر، دیارترین ئەو هەنگاوانەى دیکەن کە سوودانى لە کارنامەکەیدا بەڵێنى جێبەجێکردنى داون.

کەرکووک دەدرێتە دەست هێزێکى خۆجێیی و رێکارەکانى رێککەوتنى پڕکردنەوەى بۆشایی ئەمنى نێوان پێشمەرگە و هێزەکانى فیدڕاڵى تەواو دەکرێن و رێککەوتنى شنگال دەخرێتە نێو کارنامەى جێبەجێکردنەوە.

بەپێی ئەو کارنامەیە حکومەتی نوێی عێراق جەختدەکاتەوە لە ھەماھەنگی نێوان حکومەتی ناوەند و حکومەتی ھەرێم لەبارەی بڕیار و دۆسێکانی پەیوەست بە ھەرێمی کوردستان.

ھەروەھا کارنامەکە رێککەوتنی شەنگال لەخۆدەگرێت، بۆ ئاساییکردنەوە و گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئاسایش بۆ قەزای شەنگال، ھەروەھا تەواوکردنی رێکارەکانی رێککەوتنی تایبەت بە پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لەنێوان ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە و تەرخانکردنی بودجەیەکی تایبەت بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی کردەوە تیرۆریستیەکان و ئەو پارێزگایانەی بەھۆی تیرۆرەوە زەرەرمەندبوون، ھەروەھا خەرجکردنی شایستە داراییەکانی ئەو کەسانەی ماددەی 140ی دەستوور دەیانگرێتەوە.