دوای بهخاكسپێردرانی ته‌رمی دوو هاوڵاتی كورد خۆپێشانده‌ران ژمارەیەک فەرمانگە لە مهاباد دەسووتێنن
هه‌ولێر – نۆرس پرێس
لە مهاباد خۆپێشاندان ده‌ستی پێكرده‌وه و هاونیشتمانییان لە تۆڵەی کوشتن و بریندارکردنی ژمارەیەک خۆپێشاندەری شاره‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، ئاگریان لە ژمارەیەک فەرمانگە و دامودەزگای حکومی بەرداوە و هێزەکانی ئێرانیش بە تەقە وه‌ڵامیان دایه‌وه .
به‌پێی سه‌رچاوه هه‌واڵیه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، به‌یانی ئه‌مڕۆ دوای بەخاکسپاردنی ته‌رمی ئیسماعیل مەولودی لە گۆڕستانی بداغ سوڵتانی، كه شه‌وی ڕابردوو به ته‌قه‌ی هێزه‌كانی ئێران گیانی له‌ده‌ستدا، ، خۆپیشاندان له شاری مهاباد ده‌ستیپێكرده‌وه و ژمارەیەک فەرمانگە سوتێنراون، و دوكان و بازاڕه‌كان داخران.
له‌دوای گیان له‌ده‌ستدانی ژینا ئه‌مینی خۆپیشاندان و ناڕه‌زاییه‌كان له رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، سه‌ریانهه‌ڵداوه په‌ره‌ده‌سه‌نێت، لە خۆپیشاندانەکانی شەوی ڕابردوشدا کە 13 شاری گرتەوە، دوو هاوڵاتی لە شارەکانی مهاباد و سنە بە ناوەکانی ئیسماعیل مەولودی و محەمەد شەریعەتی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی کۆماری ئیسلامی گیانیان لەدەستدا.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێكی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، محەمەد شەریعەتی كه شه‌وی رابردو له مهاباد كوژراوه تاقانە کوڕی بنەماڵەیەکی خەڵکی گوندی سیاناوی سەر بە شارۆچکەی موژژ بوە.
له‌دوای گیان له‌ده‌ستدانی ژینا ئه‌مینی كچه كوردی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان، هاوڵاتیان لە شارەکانی، ئورمیە، مەهاباد، بۆکان، سەقز، دیواندەرە، مەریوان، سنە، قوروە، کامێران، ڕوانسەر، کرماشان، قەسری شیرین و ئیلام خۆپیشاندان ده‌كه‌ن و تا ئێستاش ده‌یان كه‌س له خۆپیشاندانه‌كاندا كوژراون و برینداربونه.