کۆچی نێودەوڵەتی: لە هەشت ساڵدا زیاتر لە 29 ھەزار کۆچبەری نایاسایی گیانیان لەدەستداوە
قامیشلۆ – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ لە راگەێنراوێکدا، رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی بڵاویکردەوە، لە ساڵی 2014ەوە زیاتر لە 29 ھەزار کۆچبەری نایاسایی گیانیان لەدەستداوە، کە 5 ھەزاریان تەنھا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بووە.
بەپێی راپۆرتەکەی رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی، ھێشتا رێگەی دەریای ناوەڕاست خوێناویترین رێگەیە بۆ کۆچبەران، کە لە سەرەتای ساڵی 2021ەوە 2836 کۆچبەر لەو رێگەیە بۆ گەیشتن بە ئیتاڵیا و ماڵتا گیانیان لەدەستداوە.
دوای دەریای ناوەڕاست، رێگەی ئەتڵەسی لە رۆژئاوای ئەفریقاوە بە مەترسیدارترین رێگە دادەنرێت و لە ساڵی 2021ەوە لەو رێگەیە زیاتر لە 1500 حاڵەتی گیانلەدەستدان تۆمارکراوە.
کۆچی نێودەوڵەتی راشیگەیاندووە، لە ساڵی 2014ەوە کە گەشتی کۆچبەران بەرەو ئەوروپا گەیشتە لوتکە، زیاتر لە 29 ھەزار کۆچبەر گیانیان لەدەستداوە و 5 ھەزاریان لە دوو ساڵی رابردوودا بووە، بێ ئاماژەدان بەوەی کۆچبەرەکان خەڵکی کوێن و سەر بە چی تەمەنێکن.