جارێکی تر نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدەن لە مەترسییەکانی کۆلێرا لە سوریا

دیمەشق – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ سێشەممە، نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریدا، لە بڵاوبوونەوەی خێرای پەتای کۆلێرا لە سەرتاسەری سوریا بەهۆی کەمبوونەوەی بەرچاوی ئاو لەو وڵاتەدا.

رینا غەیلانی بەڕێوەبەری جێبەجێکردن و داکۆکیکردن لە نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگی کاروباری مرۆیی لە لێدوانێکی کورتدا سەبارەت بە دۆخی مرۆیی و تەندروستیی سووریا لە دانیشتنێکی تایبەتی ئەنجومەنی ئاسایشدا رایگەیاند، زیاتر لە 24 هەزار حاڵەتی گومانلێکراوی تووشبوون بە کۆلێرا تۆمارکراوە لە 14 پارێزگادا.

بە وتەی غەیلانی، تا ئێستا لانیکەم 80 کەس بەهۆی پەتاکەوە گیانیان لەدەستداوە، کە دۆخەکەی بە “کارەساتبار” ناوبرد.

وتیشی مایەی سەرسوڕمان نییە کە ئەو پەتایە وا بە ئاسانی تەشەنە بکات، چونکە ملیۆنان كەس لە سەرانسەری سوریا دەستیان بە ئاوی پێویست و پاك نەگەیشتووە، هەروەها سیستەمی تەندروستی بە توندی كاریگەری هەبووە، بەهۆی ئەو ململانێیانەی كە زیاتر لە دە ساڵە بەردەوامە.

غەیلانی ئەو هۆکارانەی روون کردەوە کە بڵاوبوونەوەی کۆلێرا توندتر دەکەن، کە بریتین لە “نەبوونی بارانبارین و بارودۆخی هاوشێوەی وشکەساڵی توند، کەمی ئاستی ئاو لە رووباری فورات و زیان بە ژێرخانی ئاو”.

هەروەک هۆشداریدا لەوەی قەیرانەکە خراپتربێت، لەگەڵ کەمی بارانی چاوەڕوانکراو، قەیرانی ئاو کە لە ئێستاوە ترسناک بووە توندتر دەکات.

غەیلانی باسی لە پلانی بەرپەرچدانەوەی کۆلێرا بۆ ماوەی سێ مانگ کرد، کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بە هەماهەنگی بەڕێوەدەبرێت، بە بڕی 34.4 ملیۆن دۆلار وەک پاڵپشتی بۆ یارمەتیدانی 162 هەزار کەس لە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان و 5 ملیۆن کەسیش بە ئاو و ئاوەڕۆ و پاکوخاوێنی.

ئه‌و به‌رپرسه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان رایگه‌یاند كه‌ سندوقی كۆمه‌كی مرۆیی بۆ سوریا و سندووقی مرۆیی سنووربه‌زاندن بۆ سووریا نزیكه‌ی 10 ملیۆن دۆلار پێشكه‌ش به‌ هاوبه‌شه‌كانی ده‌كات له‌ سه‌رانسه‌ری ئه‌م وڵاتەدا.‌

غەیلانی وتی لەگەڵ دەستپێکردنی زستاندا، ڕێژەی دانیشتووان کە پێویستیان بە یارمەتی هەیە بە رێژەیەکی سەرسوڕهێنەر، کە دەکاتە %30 لە سەرانسەری وڵاتدا بەرزبووەتەوە بە بەراورد بە ساڵی پێشوو.

لە لایەکی دیکەوە غەیلانی دەستی خستە سەر رێژەی بەرزی قوربانیانی مەدەنی بەهۆی توندوتیژی و جەنگەوە، چونکە لە مانگی ئاب و ئەیلولی رابردوودا لانیکەم 92 هاوڵاتی سڤیل کوژراون و 80ی دیکەش برینداربوون.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: هۆزان زوبەیر