هەولێر – نۆرس پرێس
بەپێی پێشبینییە گەردوونییەکان، ئەمڕۆ سێشەممە، لە کاتژمێر 1:00ی نیوەڕۆوە بۆ 3:30ی ئێوارە خۆرگیرانی بەشەکی لە زۆربەی ناوچەکانی جیهان و عێڕاق و هەرێمی کوردستان روودەدات.
بەڕیوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم رێکارەکانی خۆپاراستنی لە خۆرگیرانە نیمچەییەکەی ئەمڕۆی بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بەوەداوە، نابێت هیچ جۆرێک بە راستەوخۆیی سەیری خۆرگیرانەکە بکرێت و دەشڵێت، منداڵان بە تایبەت نابێت سەیری بکەن.
لەبارەی زیانەکانی سەیرکردنی خۆرگیرانەکەوە کەشناسی باسی لەوەکردووە، بینینی خۆرگیران دەبێتە هۆی لەدەستدانی بینینی هەمیشەیی و زیانەکانی بینینی خۆرگیران لە چاودا بە خێرایی روودەدات بەبێ هەست کردن بە هیچ ئازارێک.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، لەدەستدانی بینین تا دوای خۆرگیران روونادات و هیچ چارەسەرێکی نییە و بۆ منداڵان مەترسیدارترە.
باسی لەوەشکردووە، چاوی منداڵان ناسکە و رووناکی زیاتر دەگوازنەوە بۆ تۆڕی چاو ئەمەش وا دەکات چاوی منداڵان زیاتر تووشی زیان ببن بەهۆی رووناکی توندەوە.
لە راگەیەندراوەکەی بەڕیوەبەرایەتی کەشناسیدا ئاماژە بەو رێگایانە کراوە کە هاوڵاتیان دەتوانن لێیەوە خۆرگیرانەکە ببینن و دەتوان ن لە رێگای ئۆنلاین یان تەلەفیزۆنەوە وینە و دیمەنی خۆرگیرانەکە ببینن.
لەبارەی ئەو چاویلکانەی لە بازاڕەکاندا وەک چاویلکەی سەلامەتی خۆرگیران دەفرۆشرێت ئاماژەی بەوەکردووە، بەکارهێنانی چاویلکەیەک کە بە ‘چاویلکەی خۆرگیران’ ناسراوە پشت بە توانای فلتەرکردنی عەدەسەکان و دیزاینی چوارچێوەکان دەبەستێت و لەو شوێنانەی کە عەدەسەکان بڕوانامەیان پێدراوە بۆ ئەوەی لەگەڵ ستانداردە کارپێکراوەکاندا بگونجێت، بەکارهێنانی نادروستی ئەم چاویلکانە هێشتا رەنگە ببێتە هۆی تێکچوونی مەترسیداری چاوەکان و پێشنیار دەکرێت کە نابێت چاویلکەی خۆرگیران بەکاربهێنرێت بۆ بینینی رستەوخۆی خۆرگیران.
رێکخراوی گەردونناسی کوردستان رایگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە خۆرگیرانی نیمچەیی لە هەرێم روودەدات. دەشڵێت، “ئەو خۆرگیرانە لە بەشێکی جیهاندا روودەدات.”
باسی لەوەشکردووە، کاتژمێر 2:17 دوای نیوەڕۆ خۆرگیران لە هەرێم دەگاتە بەرزترین ئاست بەڕێژەی 51% لە هەولێر و سلێمانی و دهۆک و کاتژمێر 3:30 دوای نیوەڕۆ کۆتایی خۆرگیران دەبێت.
خۆرگیران دیاردەیەکی سروشتی گەردوونییە ئەو کاتە روودەدات کە خۆر و مانگ و زەوی بکەوێتە سەر یەک هێڵ و بەمەش سێبەری مانگ دەکەوێتە بەشێکی ناوچەی زەوی و سێ جۆری خۆرگیرانیش تێیدا روودەدات ئەوانیش خۆرگیرانی تەواو و خۆرگیرانی ئەلقەیی و خۆرگیرانی نیمچەیی یە.