سوپای ئیسرائیل : 90%ی ژێرخانی سەربازیی ئێرانمان لە سووریا وێران کردووە
دیمەشق – نۆرس پرێس
دوێنێ یەکشەممە، سوپای ئیسرائیل ئاشکرای کرد، نزیکەی 90%ی ژێرخانی سەربازیی ئێرانیان لە سووریا وێران کردووە، هەروەها هەوڵەکانی جێگیرکردنی “حیزبوڵا”ی لوبنانیان لە سوریا پووچەڵ کردووەتەوە.
بەرپرسانی سوپا بە رۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆستیان راگەیاندووە کە هێزەکانیان لە ساڵانی رابردوودا “بەنزیکەیی تەواوەتی” سەرکەوتوو بوون لە سنووردارکردنی توانای ئێران لە گواستنەوەی چەکدا بۆ سوریا.
راشیانگەیاند کە “زیانێکی زۆریان بە ڕێگاکانی قاچاخچێتی لە ئێرانەوە بۆ سوریا لە رێگەی دەریا و ئاسمانی و وشکانیەوە گەیاندووە”.
هەروەک كاریگەریان لەسەر توانای حكومەتی سوریا بۆ بەرهەمهێنانی چەك و تەقەمەنی هەبووە، بەوپێیەی ئێران و حیزبوڵای لوبنانی هەمان كارگەی چەك و تەقەمەنییان بۆ بەرهەمهێنانی چەكەكانیان بەكارهێناوە.
لە ساڵانی رابردوودا هێرشەکان لەسەر “ناوەندی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستی” لە مەسیاف لە رۆژئاوای شاری حەمات بووە، کە ئێران بۆ بەرهەمهێنانی مووشەک و چەکی پێشکەوتوو بۆ بریکارەکانی بەکاری دەهێنا، بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانیەکە.
درەنگانی ئێوارەی هەینی رابردوو، هێرشێکی ئیسرائیلی لە دەوروبەری دیمەشقی پایتەخت، شوێنە سەربازییەکانی کردە ئامانجی، کە گوایە سەر بە ئێران و حیزبوڵڵای لوبنان بوون.
دوێنێ یەکشەممە، ناوەندی ئاشتەوایی رووسیا لە سوریا رایگەیاند، بۆردومانەکەی ئیسرائیل کە دوو رۆژ لەمەوبەر دەوروبەری دیمەشقی پایتەختی کردبووە ئامانج، رادارێکی سەر بە سیستەمی بەرگری ئاسمانی سوریا و رێڕەوی فڕینی فڕۆکەخانەی دیماسی سەربازی لە رۆژئاوای دیمەشق، کردوەتە ئامانج.
بەپێی چاودێریکردنی نۆرس پرێس بۆ دۆخەکە، دوایین هێرشی ئیسرائیل لە سوریا دوای زیاتر لە مانگێک بێدەنگی هات.