بڕیارە سبەینێ تشرینییەکان خۆپیشاندانی فراوان بکەن

هەولێر – نۆرس پرێس

ھاوکات لەگەڵ دواکەوتنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ پێکھێنانی حکومەت، بڕیارە سبەینێ تشرینییەکان خۆپیشاندانی فراون “دژ بە گەندەڵکاران” ئەنجام بدەن.

چالاکوانانی خۆپیشاندەرانی تشرینییەکان لە راگەیەندراوێکدا بڵاویانکردووەتەوە، سبەینێ لە سەرجەم پارێزگاکانی عێراق، خۆپیشاندانی گەورە رێکدەخەن.

بە وتەی ئەوان کە لە راگەێنراوەکەدا خستویانەتەڕوو، ئامانج لە خۆپیشاندانەکەیان بۆ لابردنی چینی سیاسی گەندەڵ و پێکھێنانی حکومەتێکی کاتییە بە زووترین کات.

ئەوخۆپیشاندانە ھاوکات دەبێت لەگەڵ سێیەمین ساڵیادی خۆپیشاندانەکانی 25ی تشرینی یەکەمی ساڵی 2019، کە زیاتر لە ساڵێکی خایاند و بەھۆیەوە زیاتر لە 700 خۆپیشاندەر کوژران و زیاتر لە 20 ھەزاریش برینداربوون، تا ئێستاش بکوژرانی ئەو خۆپیشاندەرانە بە سزا نەگەیەندراون.

ئەمە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە 10 رۆژ بەسەر دەستبەکاربوونی “محەمەد شیاع سودانی” وەک سەرۆک وەزیرانی راسپیڕدراوی عێراق تێپەڕیوە، بەڵام ھێشتا ھیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیارینەکراوە بۆ دەنگدان بە کابینەکەی سودانی، چونکە ناکۆکییەکان لەسەر پۆستە وزارییەکان، ئاستەنگی دروستکردووە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی: بەهزاد