رێکخراوێکی مافی مرۆڤ: عەفرین لە ترس و نائارامیدا دەژی

گوندەواری باکووری حەڵەب – نۆرس پرێس

ناوچەی عەفرین لە گوندەواری باکووری حەڵەب دۆخێکی ترس و نائارامی بەخۆوە دەبینێت، ئەویش بەهۆی کۆنترۆڵکردنی تەحریرشام (جەبهەی نوسرەی پێشوو)ەوە، لە میانی شەڕکردنیان لەگەڵ گروپەکانی فەیلەقی سێیەم کە تورکیا پشتیوانیان لێدەکەن .

ئیبراهیم شێخو، وتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤ لە عەفرین – سوریا، رایگەیاند کە “تا ئێستا دزیەکان بەردەوامن”، ئاماژەی بەوەدا کە تەحریرشام بەڵێنی داوە زیان بە دانیشتووان نەگەیەنێت و دەستدرێژی نەکاتە سەر موڵکەکانیان، بەڵام ئەوەی “جێبەجێ نەکردووە”.

نزیکەی دوو رۆژ لەمەوبەر، دەستیان بەسەر دوو وێستگەی سووتەمەنیدا گرتووە، یەکێکیان لە عەفرین و ئەوی دیکەیان لەسەر رێگای کفرجەننە، جگە لە ماڵی مستەفا محەممەد کە دەکەوێتە گوندی شیتکاوە، کردوویانە بە بارەگایەکی سەربازی، بەپێی زانیارییەکانی “شێخو”.

وتەبێژی رێکخراوی مافی مرۆڤ رایدەگەیەنێت، پێشێلکاری هەیە، وەک سەپاندنی سەرانە و دزینی زەیتوون لە وەرزی پێگەشتنیدا، کە سەرچاوەیەکی سەرەکی بژێوی دانیشتوانی عەفرینە، لەلایەن گروپی حەمزات و سلێمان شا (عەمشات)ەوە.

شێخۆ هه‌ردوو لایه‌نی ململانێكه‌كه‌ی به‌ “دوو لای یه‌ك دراو” وه‌سف كردووه‌، به‌و پێیه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن هه‌واڵگری توركیاوه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برێن، بۆ ئاواره‌كردنی دانیشتووان له‌ ماڵ و حاڵی خۆیان.

پێشتریش شاری عەزاز لە باکووری حەڵەب ناڕەزایەتی جەماوەری بەرفراوانی بەخۆیەوە بینی کە چونە ژوورەوەی “دەستەی تەحریرشام” یان  بۆ ناوچەکانی عەفرین و ئەعەزاز و گوندەواری باکووری حەڵەبیان رەتکردەوە.

شێخۆ پێی وابوو کە عەفرین ئێستا “رەشی پۆشیووە و وەک پشتێنەیەکی تیرۆریستی وایە کە لە گوندەواری باکووری حەڵەبەوە تا ئیدلب درێژ دەبێتەوە”.

چاودێران لەسەر پرسی سووریا پێیان وایە “بێدەنگی تورکیا و هەڵوێست وەرنەگرتنی سەربازیی پتەو، بەڵگەیە لەسەر قبوڵکردنی کردەوەکانی تەحریرشام و ئامادەکاری بۆ دەستڕاگەیشتنی دەستەکە بە ناوچە سنوورییەکان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە)”.

گوتەبێژەکە، تەحریرشامی بە “گروپی رێکخراوە توندڕەوەکان” وەسف کرد.

شێخۆ داواشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد دەستوەردان بكەن بۆ چارەسەركردنی ئەو ململانێیە، “توركیا ئەمڕۆ رێگە بە هاتنی “جەبهەی نوسرە” دەدات بۆ سنوورەكانی، ئەمەش باشترین بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە یەكەمین لایەنگری تیرۆرە”.

عەفرین و گوندەوارەکانی بەهۆی بەردەوامی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان گروپەکانەوە گرژی ئەمنی سەخت بەخۆوە دەبینن.

ئامادەکردنی: جەمیل جەعفەر – داڕشتنەوەی : رەهەف یوسف