هەولێر – نۆرس پرێس
بەهۆی ناوكۆكییەكانی نێوان لایەنە سیاسییەكان لەسەر وەرگرتنی پۆستی وەزارەتەكانی، ڕەنگە كۆبونەوەی داهاتووی پەرلەمان بەڕێوە نەچێت، هەروەها سودانی ڕێژەی سێ یەكی دەنگی پەرلەمانتارانی پێویستە بۆ ئەوەی متمانە بە حكومەتەكەی بدرێت.
ناکۆکییەکان وایکرد پەرلەمان نەتوانێت لە 22ى تشرینى یەکەمى 2022 کۆبوونەوە بۆ دەنگدان لەسەر کابینەى حکومەتى نوێ بکات، هەرچەندە پێشتر لە 18ى تشرینى یەکەمى 2022، هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى دەوڵەت (کە سەرجەم پێکهێنەرانى حکومەتى نوێ تێیدا بەشدارن بە کورد و سوننەشەوە) داوای کردبوو .
کێشەى سەرەکیی نێو هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگیى شیعەکان لە حکومەتى نوێدا لەسەر وەزارەتى نەوتە، لەکاتێکدا وەزارەتی دارایی دراوەتە دەست محەممەد شیاع سوودانى تاوەکو لەگەڵ دوو وەزارەتى دیکە بەربژێرى خۆى یەکلایی بکاتەوە، سوننە و کورد کێشەکانیان هاوبەشە کە ناکۆکییەکانیان لەسەر یەک وەزارەتە لەنێوان بەرە جیاوازەکانیاندا لەو پشکەى بۆیان دیاریکراوە.
سەرپشککردنى محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى راسپێردراو لەلایەن هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى بۆ یەکلاییکردنەوەى دابەشکارى و پشکى وەزارەتەکان و بەربژێرەکانیان لە 20ى تشرینى یەکەمى 2022، قەبارەى ئەو کێشەیەى ئاشکراکرد کە لەنێو ئەو هاپەیمانێتییەدا هەیە لەبارەى پێکهێنانى حکومەت کە نوێنەرى زۆرینەى شیعەکانى عێراقن لە پەرلەمان.
ناکۆکییەکان لەسەر وەزارەتەکانی نەوت، گواستنەوە و ناوخۆ لەنێوان هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و فەتح بەدی دەکرێت و گوشاری زۆر لەسەر ئەم دوو هاوپەیمانییە دەکرێت بۆ یەکلاییکردنەوەی ناکۆکییەکان بۆ پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەت لە وادە یاساییەکەیدا.
چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەسەڵاتیان بە محەممەد شیاع سوودانی داوە بۆ دەستنیشانکردنی بەربژێرەکان یان پێشنیازکردنی کەسانی دیکە. راسپاردنی سوودانی بۆ ئەم ئەرکە، لە پێناو رێگرتن بووە لە کێشە و بەربەستەکان. بەڵام ناکۆکی و ململانێی هێزە گەورەکان پێچەوانەی ئەو دەسەڵاتەیە کە بە سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو دراوە.
هێز و لایەنە سیاسییەکان پەلەیانە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی تایبەت بۆ پێکهێنانی کابینەی حکومەتی نوێ بەر لە 25ی تشرینی یەکەم، بەهۆی ئەوەی تشرینییەکان لەو رۆژەدا ئامادەسازیی دەکەن بۆ ئەنجامدانی خۆپێشاندانێکی گەورە لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە لە دژی سیاسەتی پشکپشکێنەی لایەنە سیاسییەکان بۆ بەدەستهێنانی وەزارەتەکان، کە وەک چاودێرانی سیاسی دووپاتی دەکەنەوە، حکومەتەکانی پێشوو بەهۆی ئەم سیاسەتەوە شکستخواردوو بوون.