ھێرشکرایە سەر گەورەترین کێڵگەی نەوت لە رۆژهەڵاتی دێرەزوور
هەولێر – نۆرس پرێس
دوێنێ، بە مووشەک ھێرشکرایە سەر گەورەترین کێڵگەی نەوت لە سوریا، کە کێڵگەی نەوتی عومەرە لە رۆژھەڵاتی شاری دێرەزوور، ئەو کیڵگە نەوتییە لەژێر کۆنترۆڵی ھێزەکانی ئەمریکادایە.
روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، دەنگی پێنج تەقینەوە لە کێڵگەی نەوتی عومەر لە رۆژھەڵاتی شاری دێرەزوور لە باکووری رۆژھەڵاتی سوریا بیستراوە، کە گەورەترین کێڵگەی نەوتییە لە سوریا و لەژێر کۆنترۆڵی ھێزەکانی ئەمریکا و هێزەکانی سوریای دیموکراتدایە.
بە وتەی روانگەی سوری رۆژێک بەر لە بیستنی دەنگی ئەو موشەکانە، لە نزیک کێڵگەی “کۆنیۆ” بۆ گاز، لە گوندەواری دێرەزوور، راهێنانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و “هەسەدە” بینراوە.
ھاوکات ئاژانسی سانای سەر بە حکومەتی سوریا بڵاویکردەوە، چەند تەقینەوەیەک لە نزیک ئەو کیڵگە نەوتییە روویانداوە و بەھۆیانەوە ئاگر کەوتووەتەوە، بەڵام ئاماژەی بە زەرەر و زیانەکان نەکردووە.
بەپێی زانیاری میدیاکان چوار مووشەک ئاڕاستەی بنکەی ھێزەکانی ئەمریکا لەناو کێڵگەی نەوتی عومەر کراون و دوای ھێرشەکان فڕۆکەکانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە چڕی بە ئاسمانی ناوچەکەدا سووڕاونەتەوە و نزیک شاری مەیادنیان لە سنووری پارێزگای دێرەزوور بۆردومانکردووە.