زیاتر لە 350 کوژراو و بریندار لە خۆپیشاندانەکانی چاددا

هەولێر – نۆرس پرێس

لە دوێنێوە لە چاد خۆپیشاندان دژی سەرۆکی وڵاتەکە سەریھەڵداوە و داوای دەستلەکارکێشانەوەی دەکەن، بەھۆی دروست بوونی ئاڵۆزییشەوە زیاتر لە 350 کەس کوژراون و برینداربوون.

بەھۆی درێژکردنەوەی قۆناغی راگوزەری لە چاد بۆ ماوەی دوو ساڵی تر کە بڕیاربوو 20ی ئەم مانگە کۆتایی بێت، خۆپیشاندان لە چەندین شاری ئەو وڵاتە سەریھەڵداوە و داوای دەستلەکارکێشانەوەی “محەمەد ئیدریس دیبی” سەرۆکی وڵاتەکە دەکەن.

“ساڵح کبزابو” سەرۆک وەزیرانی چاد رایگەیاند، پێکدادان لە نێوان ھێزە ئەمنییەکان و سەدان خۆپیشاندەر دروست بووە و بەوھۆیەوە 50 کەس کوژراون و زیاتر لە 300 کەسیش برینداربوون.

راشیگەیاند، قەدەغەی ھاتووچۆیان بۆ ماوەی 12 کاتژمێر راگەیاندووە، کە رۆژانە لە کاتژمێر 6ی ئێوارە تا 6ی بەیانی دەستپێدەکات، وتیشی قەدەغەی ھاتووچۆ بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی کۆنتڕۆڵی ئەمنیی ئەو ناوچانە دەگرنەوە دەست کە خۆپیشاندان و پێکدادان تیایاندا روودەدات.