یونسێف: لە 10 کامپی رۆژئاڤادا 65 توشبووی کۆلێرا دەستنیشان کراون

هەولێر – نۆرس پرێس

رێکخراوی یونسێف بڵاویکردەوە، 65 توشبووی کۆلێرا لە 10 کامپی ئاوارەکان لە رۆژئاوای کوردستان تۆمارکراون.

رێکخراوی یونسێف سەبارەت بە توشبووانی کۆلێرا لە سوریا بڵاویکردەوە، 26%ی توشبووانی کۆلێرا لە سوریا منداڵی خوار تەمەن 5 ساڵانن و ژمارەشیان لە بەرزبوونەوەدایە.

وتیشی، لە 10 کامپی ئاوارەکان لە رۆژئاوی کوردستان و ناوچەکانی تری باکوری خۆرھەڵاتی سوریا 65 توشبووی کۆلێرا تۆمارکراون کە دووانیان لە کامپی “سەرێکانێ”ن لە حەسەکە.

ھاوکات، “نەجات روشدی” نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا ھۆشداریداوە لەوەی بڵاوبوونەوەی کۆلێرا بگاتە قۆناغێکی کارەساتبار.

بەپێی رێکخراوی تەندروستی جیھانیش، کۆلێرا لە 10 پارێزگای سوریا بڵاوبووەتەوە و ئەگەری زۆرە تەواوی وڵاتەکە بگرێتەوە.