پەرلەمانی ئەڵمانیا دەنگ لەسەر مانەوەی هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەدات

 هەولێر – نۆرس پرێس

حکومەتی فیدراڵیی ئەڵمانیا پێشنیازی کردووە نزیکەی 500 راوێژکاری سەربازیی وڵاتەکە تاوەکو 31ی ئۆکتۆبەری ساڵی داهاتوو لە هەرێمی کوردستان و عێراق بمێننەوە بۆ ئەوەی لە “شەڕی دژ بە داعشدا” و بۆ بەدیهێنانی “سەقامگیریی درێژخایەن لە عێراقدا یارمەتیدەربن.”

لەمبارەوە وابڕیارە ئەمڕۆ هەینی، پەرلەمانی فیدڕاڵی ئەڵمانیا کۆبێتەوە بۆ بڕیاردان لەسەر بڕیارێکی حکومەتی وڵاتەکەی تایبەت بە درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی هێزەکانی لە هەرێمی کوردستان و عێراق کە کۆتایی ئەم مانگە بەسەردەچێت.

بەرلین دەیەوێت لە رێگەی هێشتنەوەی هێزەکانییەوە یارمەتیی هێزە ئەمنییەکانی عێراق و پێشمەرگە بدات بۆئەوەی بتوانن “ئاسایش و سەقامگیریی درێژخایەن بۆ عێراق گەرەنتی بکەن و رێگە لە سەرهەڵدانەوەی گرووپە تیرۆریستییەکانی وەکو داعش بگرن.”

لە ساڵی 2014ـەوە ئەڵمانیا ئەندامی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشە کە لە رێگەی ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی، مەشق و راهێنان، هاوبەشیکردنی زانیاریی هەواڵگری، لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی داعش و سزادانی چەکدارەکانی و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە رزگارکراوەکان، یارمەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەدات.

جگە لەو هاوکاریانە، حکومەتی ئەڵمانیا دەڵێ، ئەوان تا ئێستا 85 ملیۆن یۆرۆیان بۆ یارمەتیدانی پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەکارهێناوە.

حکومەتی ئەڵمانیا دەڵێت، ئامانج لەم یارمەتییانە باشکردنی دۆخی ژیانە بۆئەوەی خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک دابین بکەن کە ئەوەش لە ئەنجامدا “کۆچکردن بۆ ئەوروپا کەم دەکاتەوە.”

لە ساڵی 2009 ئەڵمانیا کۆنسوڵخانەی گشتی لە هەولێر کردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش نووسینگەی نوێنەرایەتیی لە بەرلین هەیە.