شورای میللی: زیاتر له 400 كوژراون و 20 هه‌زار دەسگیرکراو لە خۆپیشاندانه‌كانی ئێران‌دا
هەولێر – نۆرس پرێس
له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامیی خۆپیشاندانه‌كان له شاره جۆربه‌جۆره‌كانی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان، شورای میللی مقاوەمەتی ئێران، کە ئۆپۆزسیۆنێکی رژێمی ئێرانە و مریەم رەجەبی سەرکردایەتی دەکات، رایگه‌یاند، لە خۆپیشاندانه‌كانی ئێران‌دا زیاتر له 400 كه‌س كوژراون.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، به‌پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی كه ده‌ست ئۆپۆزسیۆن کەوتووە، زیاتر له 20 هه‌زار كه‌س له‌و وڵاته ده‌ستگیركراون.
ئەمە لە کاتێکدایە کۆشکی سپی رایگەیاندووە، کە بەدوای رێگای دیکەدا دەگەڕێت بۆ یارمەتیدانی خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز لە ئێران، هەروەها رژێمی ئێرانیان بە بەرپرسیار زانی لە سەرکوتکردنی ئەو ناڕەزایەتییە ئاشتیخوازانەی لە شارەکانی ئێران روودەدەن.
لەمبارەوە کۆشکی سپی هیچ ئاماژەیەکی بەوە نەداوە کە مەبەست لە بەکارهێنانی دەستەواژەی ” خۆپیشاندەرانی ئاشتیخواز” چییە و کێن ئەوانەی خۆپیشاندەری ئاشتیخوازن و کامیان ئاژاوەگێڕن؟.
هەروەها ئان کلێر لۆگاندەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا کوژرانی دەیان کەسی لە خۆپیشاندانە بەردەوامەکانی ئێران‌دا شەرمەزار کرد.
ناوبراو لە لێدوانەکانیدا بۆ کەناڵە جیاوازەکان، رایگەیاندووە کە یەکێتی ئەوروپا سزای بەسەر ئەو بەرپرسە سیاسی و پۆلیسیانەی ئێران‌دا پەسەند کردووە کە سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانیان گرتووەتە ئەستۆ.
له‌گه‌ڵ به‌رده‌وامیی خۆپیشاندانه‌كان له ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان له ناوچه جیاجیاكانی ئه‌م وڵاته و به‌تایبه‌ت خۆپیشاندانی شه‌وانه، له ناوه‌ڕاستی مانگی رابردووه‌وه، به‌رپرسانی ئه‌منی جارێكی تر بەڵێنیاندا كه رووبه‌ڕووی خۆپیشانده‌ران ببنه‌وه.
قاسم رەزایی جێگری فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ئێران لە لێدوانەکانیدا رۆژی چوارشەممەی رابوردوو، رایگەیاند کە هیچ ناڕەزایەتیەک قبوڵ ناکەن کە بە وتەی ئەو دەبێتە هۆی “ئاژاوە و نائارامی و ناسەقامگیری”.
هه‌روه‌ها جه‌ختیشی کرده‌وه که هێزه ئه‌منییه‌کان هه‌رگیز لەو خۆپیشانده‌رانه خۆش نابن که به‌دوای ئه‌م جۆره ئامانجانه‌دا ده‌گڕێن.