گەڕانەوەی زیاتر لە 3325 پەنابەری سوری لە ئوردنەوە
دیمەشق – نۆرس پرێس
بەپێی ئامارێک کە رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لەلایەن کەناڵی فەرمی شانشینی ئوردنەوە خراوەتەڕوو، ژمارەی ئەو پەنابەرە سووریانەی لە ماوەی 9 مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە ئوردنەوە بۆ سووریا گەڕاونەتەوە، گەیشتووەتە 3325 کەس.
کەناڵە فەرمییەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، عەمان و کۆمیساریای باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران جەخ لە گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و رەتکردنەوەی زۆرەملێ دەکەنەوە.
بەپێی داتاکانی UNHCR، لە ساڵی 2016 تا کۆتایی مانگی ئەیلولی رابردوو 341500 پەنابەر گەڕاونەتەوە سوریا، لەو ژمارەیەش 64278 پەنابەری سوری بوون کە لە ئوردن نیشتەجێن.
UNHCR رایدەگەیەنێت، ئەو ژمارانەی بۆ گەڕاوەکان بۆ سوریا ئەو ژمارانەن کە “لەلایەن UNHCR پشتڕاست کراوەتەوە یان چاودێری کراوە، تەواوی ژمارەی گەڕاوەکان نییە، بەڵکوو رەنگە زۆر لەوە زیاتر بێت”.
تا 16ی ئەم مانگە زیاتر لە 1.3ملیۆن پەنابەری سوری لە ئوردن دەژیان، کە 676787 پەنابەریان لە UNHCR تۆمارکراون.
بەپێی راپرسییەک کە لەلایەن UNHCR لە سەرەتای ساڵی 2022 ئەنجامدراوە و لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا بڵاوکراوەتەوە، سەبارەت بە نیاز و تێڕوانینی پەنابەرانی سوری سەبارەت بە گەڕانەوە، 36%ی پەنابەرانی سووری لە ئوردن دەیانەوێت لەماوەی 5 ساڵدا بگەڕێنەوە، بەڵام 2.4%ی ئەو پەنابەرە سوریانەی کە وەڵامی راپرسیەکەیان داوەتەوە لە ئوردن، لە ماوەی ساڵێکدا بەنیازی گەڕان بۆ سوریا.