دوای 88 رۆژ.. گەشتنی ئاوی وێسگەی عەلوک بۆ حەسەکە و گوندەوارەکەی

حەسەکە – نۆرس پرێس

ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، وێستگەی عەلوك لە سەرێ كانێ لە رۆژئاوای کوردستان، دەستیکردەوە بە پەمپكردنی ئاو بۆ شاری حەسەكە و گوندەوارەکەی، دوای ئەوەی بچرانەکەی 88 رۆژی خایاند.

عیسا یونس، هاوسەرۆکی بەڕێوەبەرایەتی ئاو لە حەسەکە بە نۆرس پرێسی راگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو ئاو گەیشتووەتە شارۆچکەی تل تەمر لە گوندەواری حەسەکە.

یونس رایگەیاندووە کە هێشتا پەمپکردنەکە “لاوازە”، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە هێشتا ئاوەکە نەگەیشتووەتە کۆگاکانی “حمە” کە ئاو بۆ حەسەکە پەمپ دەکەن، پێشبینی دەکرێت لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا بگاتە ئەو کۆگانە.

لە سەرەتای مانگی ئابی ئەمساڵدا، هێزەکانی تورکیا جگە لە گوندەوارەکەی، لە وێستگەی عەلوکەوە ئاویان بۆ 9 گەڕەکی حەسەکە راگرت، کە ئەمەش 27هەمین جارە ئەو کارە دەکەن.

ئامادەکردنی: ئیڤا ئەمین – داڕشتنەوەی: رەهەف یوسف