هەولێر – نۆرس پرێس
ئەمڕۆ پێنجشەممە، نێد پرایس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی بەڵگەی بەرچاوی لە بەردەستدایە لەسەر بەكارهێنانی فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەكانی ئێرانی بۆ بۆردومانكردنی هاوڵاتیانی سڤیلی ئۆكرانیا و ژێرخانی گرنگی ناوچەکە.
پرایس روونیشی كردەوە كە واشنتۆن بە یاوەری بەریتانیا و فەرەنسا لەبەردەم ئەنجوومەنی ئاسایشدا مەسەلەی گواستنەوەی درۆنی ئێرانیان بۆ رووسیا تاوتوێی كردووە، جەختیشی كردەوە كە وڵاتەكەی درێغی ناكات لە بەكارهێنانی سزا و كەرەستەی دیكەی گونجاو لە دژی هەموو ئەو لایەنانەی دەستیان لە گواستنەوەكاندا هەیە.
لای خۆیەوە ڤلادمیر زێلێنسكی سەرۆكی ئۆكرانیا رایگەیاند، هێزەكانی ئۆكرانیا لە ماوەی یەك مانگدا 233 فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی دروستكراوی ئێرانیان خستۆتە خوارەوە و ئاماژەی بەوەدا كە سوپای ئۆكرانیا كار بۆ پاراستنی ئاسمانی ئۆكرانیا و دەستەبەركردنی سەلامەتی ئەو وڵاتە دەكات.
ئەمەریکا سزای نوێی بەسەر لایەنی رووسی و کۆمپانیایەکی بازرگانی سەربازی رووسیدا سەپاند کە واشنتۆن بە کڕینی تەکنەلۆژیای سەربازی لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان و ناردنی بۆ بەکارهێنەرانی رووسی تۆمەتباری کردن.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو سزا و سنووردارکردنی هەناردەکردنە کە لەلایەن هاوپەیمانانەوە سەپێنراوە، وایکردووە مۆسکۆ رووبەڕووی ئاستەنگی زیاتر بێتەوە لە دەستەبەرکردنی پێداویستییەکانی بەرهەمهێنان و تەکنەلۆژیای پێویست بۆ جەنگەکەی، ئەمەش وایکردووە پەنا بۆ دابینکەرانی بەرهەمی کوالیتی نزمتر ببات.
تۆڕی ئەمریکی، کەناڵی NBC، پێشتر ئاشکرای کردبوو کە واشنتۆن پارچە تەکنەلۆژییە ئەمریکییەکانی لەناو چەکی رووسی لە ئۆکرانیا دۆزیوەتەوە.
دیمیتری پۆلیانسکی، جێگری باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، هەڕەشەی دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی هاوکارییەکان لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، ئەگەر نەتەوە یەکگرتووەکان پانێڵێکی پسپۆڕ نارد بۆ لێکۆڵینەوە لە پاشماوەی درۆنەکان لە ئۆکرانیا.
پۆلیانسکی روونیکردەوە کە ئەمینداری گشتی ئەرکی ناردنی کەسانی پسپۆڕ بۆ ئۆکرانیا نییە بۆ پشکنینی پاشماوەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان، هەروەها لیژنەی سزاکان نییە یان تیمێکی پسپۆڕ نییە و بە نایاسایی وەسفی دەکات.
پۆلیانسکی دووپاتی کردەوە، بە یاوەری نوێنەری هەمیشەیی ئێران، ئەو هەواڵانەی لەبارەی فرۆشتنی درۆنئ ئێران بە رووسیا رەتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە رووسیا کارگەی خۆی هەیە کە درۆنی تێدا دروست دەکرێت.
هەروەها جێگری باڵیۆزی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەری هەمیشەیی ئێران رەتیانکردەوە ئەو ڕاپۆرتانەی سەبارەت بە فرۆشتنی درۆنەکانی ئێران بە رووسیا راست بێت.