شەهیدبوونی ئەفسەرێک و برینداربوونی فەرماندەیەک و حەوت پێشمەرگەی دیکە لە گەرمیان

سلێمانی  – نۆرس پرێس

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، میدیای فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە سنووری تاوێرکەوە لە ناوچەی پەڵکانە و زینانە لە سنووری گەرمیان “بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاشماوەکانی داعش” چەند بۆمبێکی چێندراو بە ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان تەقینەوە.

وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئاکام عومەر، فەرماندەی ھێزەکانی کۆماندۆی کوردستان “بە سەختی” برینداربووە و ئەفسەر زوھێر محەممەد گیانی لەدەستداوە و حەوت پێشمەرگەی دیکەی ھێزی کۆماندۆی کوردستان برینداربوون.

لە راگەێنراوەکەدا هاتووە، ” ئەمڕۆ چوار شەممە 19-10-2022، لەكاتی راپەڕاندنی ئەركی رەسمیدا بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش و سەرپەرشتیكردنی ئۆپراسیۆنێك لە سنووری  تاوێر كەوە لەناوچەی پەڵكانە و زینانە لە گەرمیان بۆ روبەڕووبوونەوەی تیرۆر و پاشماوەكانی داعش چەند بۆمب و مینێكی چێنراو بە ھێزەكانی كۆماندۆی كوردستاندا تەقینەوە و لە ئەنجامدا ئاكام عومەر فەرماندەی ھێزەكانی كۆماندۆی كوردستان بە سەختی برینداربووەو ملازم زوھێر محەمەد شەھید دەبێت و 7 پێشمەرگەی تری ھێزی كۆماندوۆی كوردستان برینداردەبن.”