لە سەرەتای ئەمساڵەوە کوژرانی 150 سەرکردەی داعش لە عێڕاق

هەولێر – نۆرس پرێس

دوێنێ سێشەممە، سوپای عێراق کوژرانی لانیکەم 150 سەرکردەی رێکخراوی “دەوڵەتی ئیسلامی” “داعش”ی لە سەرەتای ئەمساڵەوە راگەیاند، هاوکات ئاماژە بە هەماهەنگی چڕ لە ئاستی سەربازی عێراق و لەگەڵ لایەنەکانی سوریادا دەکات.

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، لیوا تەحسین ئەلخەفاجی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانیان بەردەوامن لە رێگەی هەماهەنگی نێوان سەرجەم سەرکردە ئەمنییەکانەوە بۆ بەدواداچوونی ئەندامانی چالاکی “داعش”، کە توانای فەرماندەیییان و کۆنترۆڵکردنیان لەدەستداوە، دوای زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی کە ئەندامانی داعشیان کردۆتە ئامانج، دیارترین سەکردەکانیان کوژراون.

ئەلخەفاجی ئاشکرای کرد کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا “ژمارەیەکی زۆر” لە سەرکردەکانی ئەو رێکخراوە کوژراون کە دەگاتە 150، جگە لە توندکردنەوە و کۆنترۆڵکردنی سنوورەکانی عێراق و سوریا، و دامەزراندنی کامێرا و تاوەر بۆ رێگریکردن لە دزەکردن.

جەختیشیكردەوە، سنوورەكانی عێراق و سوریا بەتەواوەتی پارێزراون، ئەویش بەهۆی “ئامادەكاری بە توانای بەرزەوە”، جگە لە هەماهەنگیی گەورەی نێوان هێزە ئەمنییەكان، لەنێویاندا پێشمەرگە.

وتەبێژەکە ئاماژەی بەوەدا کە هەماهەنگی لە ئاستی باڵادا لەگەڵ لایەنی سوریادا هەیە، کە نوێنەرایەتی ژووری ئەمنی دەکات لە وەزارەتی بەرگری و ئەفسەرێکی سوری تیایدا ئامادەیە، هەروەها هەماهەنگییان لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکرات “هەسەدە” هەیە، لەڕێگەی نوێنەری هاوپەیمانی نێودەوڵەتییەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی : هۆزان زوبەیر