ئاسایش و هەسەدە 17 ئەندامی داعش لە تەبەقە دەسگیردەکەن
قامیشلۆ- نۆرس پرێس
دوێنێ سێشەممە، هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ، دەستگیرکردنی17 ئەندامی شانەکانی رێکخراوی “دەوڵەتی ئیسلامی” “داعش”ی لە زنجیرەیەک ئۆپەراسیۆندا لە گوندەواری تەبقە لە باکووری سووریا، راگەیاند.
ناوەندی راگەیاندنی ئاسایش ئاشکرای کرد کە هێزەکانیان بە هاوکاری هێزەکانی سوریای دیموکرات، پێرێ دووشەممە لە گوندەکانی خاتوونیە و مەنسوورە لە گوندەواری تەبقە ئۆپەراسیۆنیان لە دژی شانەکانی داعش ئەنجامداوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئۆپەراسیۆنەکان بووەتە هۆی دەستگیرکردنی 17 ئەندامی رێکخراوەکە، کە چەک و تەقەمەنی و پاسپۆرت و کتێبی سەر بە رێکخراوەکەیان پێ بووە.
هەروەها رایانگەیاند، دەستگیرکراوەکان لە کاتی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دانیان بەوەدا ناوە کە دەستیان لە کردەوەیەکدا هەبووە و ئامانج لێی ناسەقامگیرکردنی ئاسایشی ناوچەکە بووە.
بەپێی دانپێدانانەکانیان، تۆمەتبارەکان بۆ گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست گواستراونەتەوە بۆ داواکاری گشتی.