دوو پزیشکی ئەڵمانی: جیهان لە پێشوازی ڤاکسینی شێرپەنجەدایە بۆ ساڵی 2030

دیمەشق- نۆرس پرێس

دوو پزیشکی ئەڵمانی بە رەگەز کوردی باکووری کوردستان کە پێشتر ڤاکسینی دژی کۆرۆنایان پەرەپێداوە، رایانگەیاندووە، دەکرێت لە ماوەی دەیەی داهاتوودا ڤاکسینی شێرپەنجە لەبەردەستی نەخۆشەکان بێت، ئەمەش نوێنەرایەتی شۆڕشێک دەکات لەسەر ئاستی پزیشکی و زانستیدا.

 رۆژنامەی بەریتانی “زە سەن” لە زاری پزیشکان ئۆزلێم تۆریچی تەمەن 55 ساڵ ئۆگۆر شاهین تەمەن 57 ساڵەوە بڵاویکردەوە کە پەرەپێدان و سەرکەوتنی ڤاکسینێک بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا “کارەکانیان لەسەر ڤاکسینی شێرپەنجە بەهێزتر کرد”.

ئەو دوو پزیشکە ئەڵمانییە کە هاوژینی یەکترن، رایانگەیاندووە، لەکاتێکدا زاناکان ئامادە نین بڵێن چارەسەرێکی دڵنیا بۆ شێرپەنجە بەردەستە، بەڵام “پێشکەوتن”یان بەدەستهێناوە و بەردەوام دەبن لە کارکردن لەسەری.

تۆریچی وتی: “فێربووین چۆن ڤاکسینەکان باشتر و خێراتر دروست بکەین، هەروەها فێربووین کە سیستەمی بەرگری لەش چۆن کاردانەوەی دەبێت و بەدڵنیاییەوە ئەمە دەبێتە هۆی خێراکردنی ڤاکسینەکەمان دژی شێرپەنجە.”

شاهین وەڵامی پرسیارێکی دایەوە کە کەی ڤاکسینی شێرپەنجە بەردەست دەبێت و وتی “دەکرێت پێش ساڵی 2030 ئەمە رووبدات”.

تۆریچی وتی: هەست دەکەین چارەسەرکردنی شێرپەنجە یان تەنانەت گۆڕینی ژیانی نەخۆشانی شێرپەنجە لە دەستی ئێمەدایە.

ئەو دوو پزیشکە بەشدارییان کردبوو لە پەرەپێدانی ڤاکسینی بایۆنتەک-فایزەر دژی کۆرۆنا لە ئەڵمانیا، بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیای ئەمریکی “فایزەر” بە رەچەڵەک کوردی باکووری کوردستانن.

لە ساڵی 2021دا بە مەزەندەکردن 20 ملیۆن کەس تووشی شێرپەنجە بوون و 10 ملیۆن کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، بەپێی “ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی بۆ ساڵی 2021.

ئامادەکردن و داڕشتنەوەی : هۆزان زوبەیر