کەنەدییەک بە تۆمەتی هاوکاریکردنی داعش لە سوریا بە 20 ساڵ بەندکردن سزادەدرێت

دیمەشق – نۆرس پرێس

دوێنێ دووشەممە، وەزارەتی دادی ئەمریکا لە راگەیێندراوێکدا گوتی؛ “عەبدوڵڵا ئەحمەد عەبدوڵڵا” تەمەن 37 ساڵ کە خەڵکی پارێزگای ئەلبێرتای کەنەدایە، ساڵی 2019 لە کەنەداوە گەڕێندراوەتەوە ساندیێگۆی ئەمریکا.

وەزارەتی دادی ئەمریکا دەڵێت، عەبدوڵڵا لە مانگی کانوونی یەکەمی 2021 لەبەردەم دادگەی فیدڕاڵیی ساندیێگۆ دانی بە هەموو ئەو تۆمەتانەدا ناوە کە دراونەتە پاڵی.

بەگوێرەی وەزارەتی دادی ئەمریکا، عەبدوڵڵا تۆمەتباربوو بە هاوکاریکردنی شەش کەسی ئەمریکای باکوور بۆ ئەوەی بچنە سووریا کە دواتر لەوێوە چوونەتە ریزەکانی داعشەوە.

وەزارەتی داد دەشڵێت، عەبدوڵڵا لە مانگی تشرینی دووەمی 2013 تاوەکو مانگی ئاداری 2014 هاوکاریی ئەو شەش کەسەی کردووە بۆ ئەوەی بیاننێرێتە سووریا.

جگە لەوەش، بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک بۆ ئەو مەبەستە، عەبدوڵلا دانی بەوەدا ناوە کە لە ساڵی 2014 لە کەنەدا، بە چەک دزیی لە دووکانێکی خشڵ و جوانکاری کردووە.

 ئەو شەش کەسەی کە بە هاوکاریی ئەو چوونەتە سووریا، وەزارەتی داد دەڵێت، سیانیان ئامۆزای بوونە لە شاری ئێدمنتۆنی پارێزگای ئەلبێرتای کەنەدا، لەنێویدا ئامۆزایەکی تەمەن 18 ساڵی لە ویلایەتی مینیسۆتای ئەمریکا بووە.

وەزارەتی دادی ئەمریکا دەشڵێت، هەر شەشیان لەکاتی شەڕکردن بۆ داعش کوژراون.