هەولێر – نۆرس پرێس
حكومەتی هەرێم بەفەرمی داهاتی سێ مانگی یەكەمی ئەمساڵی ئاشكرا كرد كە بەبەهای سێ ملیارو 63 ملیۆن و 358 هەزار نەوتیان فرۆشتووە و لەسەدا 46.2 بۆ كۆمپانیا نەوتییەكان و خەجییەكانی رۆیشتووە.
دوێنێ پێنجشەممە 7ی تەموزی 2022، فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم، فرۆشتی نەوتی لە سێ مانگی یەكەمی ساڵی (2022) بڵاوكردەوە كە تێیدا لەو سێ مانگەدا داهاتی نەوتی فرۆشراو بریتی بووە لە( سێ ملیار و 63 ملیۆن و 358 هەزار و 891)دۆلار، لەو رێژەیەش پارەی ماوە كە (بۆ موچە تەرخانكراوە)، تەنها بریتی بووە لە سەدا 43.8%.

حكومەتی هەرێم لە خشتەیەكدا ئەوەی خستۆتەروو كە 34 ملیۆن و 923 هەزارو 168 بەرمیل نەوتی لە رێگەی بۆڕییەوە فرۆشتووە كە نرخی هەر بەرمیلێك بە 86 دۆلارو 73 سەنت فرۆشتووە.
هەر بەپێی خشتەكەی حكومەتی هەرێم 409.037 بەرمیل نەوت بەناوخۆ فرۆشراوە كە نرخی هەر بەرمیلێك84 دۆلارو 23 سەنت بووەو كۆی بەهای نەوتی فرۆشراو لەو رێگەیەوە ( یەك ملیار و 343 ملیۆن و 841 هەزار و 232) دۆلار بووە.
هاوكات، لە خشتەكەدا ئەوە رونكراوەتەوە، پارەی ماوە كە ( بۆ موچە تەرخانكراوە) دوای دەركردنی سەرجەم خەرجییەكانی نەوت، (یەك ملیار و 343 ملیۆن و 841 هەزار و 232)دۆلار بووە، واتا كۆی پارەی ماوەی فرشی نەوت بریتنی بووە لە (43.8%) و لەبەرامبەردا (46.2%)ی داهاتی نەوت بۆ سەرجەم خەرجییەكانی نەوت تەرخانكراوە.
سەرەرای ئەوەی كابینەی نۆیەم چاكسازی دەستپێكردووە بۆ رێكخستنەوەی خەرجیەكانی، بەڵام هێشتا چاكسازی لەبواری داهاتەكانیدا ئەنجام نەداوە و كۆمپانیا نەوتییەكان قازانجەكەیان لە حكومەتی هەرێم زیاترە لە فرۆشتنی نەوتی هەرێمدا.
هەر دوێنێ حکومەتی هەرێم لە پێگەی فەڕمی خۆیەوە بە راگەێنراوێک، بڕی گازوایلی تەرخانکراوی بۆ وێسگەکانی سوتەمەنی لە ماوەی سێ ساڵی رابوردوودا ئاشکراکرد.
لە راگەێنراوەکەدا هاتووە ” حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە رێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە، لە ماوەی سێ ساڵی کابینەی نۆیەم، بڕی ٧٩٢ ملیۆن و ٦٥٥ هەزار و ٨٥٥ لیتر گازوایلی بۆ وێستگەکانی کارەبا لە ھەرێمی کوردستان دابین کردووە کە تێچووەکەی ٤٦٩ ملیار دینار بووە.”
لە هەمان راگەێنراودا ئاماژە بەوە کراوە کە ” سەرەڕای ئەو قەیرانە ئابوورییەی کە بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و هاتنی پەتای کۆڕۆنا تووشی هات، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردوام بووە لە جێبەجێ کردنی پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و لە نێوانیشیاندا سێکتەری کارەبا کە توانیویەتی لە رێگەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانەوە بڕێکی زۆر گازوایل بۆ وێستگەکانی کارەبا دابین بکات و لە ئێستاشدا بەپێی داتاکانی وەزارەتی کارەبا حکومەتی هەرێم رۆژانە ١٦ کاتژمێر و نیو کارەبای نیشتمانی بۆ هاووڵاتییان دابین دەکات.”