چەند چەکدارێکی ناوخۆیی هاوژینەکانی داعش دەستبەسەر دەکەن
کۆبانی – نۆرس پرێس
لە شەوی دووشەممەوە، چەند چەكدارێکی ناوچەکە ژمارەیەك هاوژینی ئەندامانی داعشیان دەستبەسەر كردووە، ئەمەش لە كاتێكدا كە ئارامی باڵی بەسەر شارۆچکەی جاسمدا کێشاوە، لە باكووری دەرعا.
شارۆچکەی جاسم ئارامییەکی بەسڵەمینەوە بەخۆوە دەبینێت، ئەوەش هاوکاتە لەگەڵ بەردەوامبوونی قەدەغەی هاتووچۆ، دوای شەڕ و پێکدادانی خوێناوی کە چەند ڕۆژێک لە نێوان چەکدارە ناوخۆییەکان و ئەوانەی گوایە دەوترێت ئەندامی رێکخراوی “داعش”ن، رویدا و ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێکەوتەوە.
یەكێك لە چەكدارەكان بە نۆرس پرێسی راگەیاندووە، ژمارەیەك لە هاوژینی ئەو چەكدارانەیان دەستبەسەر کردووە، “و تا ئێستاش یەكلایی نەکراونەتەوە کە یان رادەستی كەسوكارەكانیان بكەن یان لە شاری جاسم لەگەڵ منداڵەكانیان بەجێیان بهێڵن.”
قەدەغەی هاتووچۆ تائێستا كاری پێدەكرێت، لەكاتێكدا سەرچاوەیەكی ناوخۆیی رایگەیاندووە، “گرووپێكی چەكداری داعش لەناوبراون و ئەندامێکیان بە پشتێنەیەكی بۆمبڕێژکراوەوە خۆی تەقاندەوە.”
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی خستەڕوو، سائیر عەواد ئەلنەدا، یەکێک لە کارگێڕانی رێکخراوەکە، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە لە ناوچەی دیفون لە چواردەوری بەری رۆژئاوای شارۆچکەی جاسم کوژراوە، دوای ئەوەی ویستوویەتی لە شارەکە دەربچێت.
چەكدارەكان لە یەكێك لە بارەگاكانی رێكخراوەكە پاسپۆرتی عێراقی و ناسنامەی سوری و بەڵگەنامەی ئەو كەسانەیان دۆزیوەتەوە كە پێشتر لە گوندەواری باكووری شاری دەرعا كوژراون.