پلاسخارت داوای گێڕانەوەی 2.5 ملیار دۆلاری دزراوی عێراق دەکات

هەولێر- نۆرس پرێس

دوێنێ دووشەممە، جێنین پلاسخارت، نێردەی تایبەتی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە تویتێکدا لەبارەی “دزین”ـی 3.7 تریلیۆن دیناری عێراقی، کە دەکاتە نزیکەی 2.5 ملیار دۆلار تویتێکی کرد و تێیدا نووسیویەتی: “عێراق دەتوانێت چی بە پارە دزراوەکانی بکات کە چەندین ملیار دۆلارە؟ بۆ قوتابخانە، نەخۆشخانە، وزە، ئاو و رێگە و هی دیکەش.”

رۆژی 15ى تشرینى یەکەمى 2022، ئیحسان عەبدولجەبار، وەزیری نەوتی عێراق لە روونکردنەوەیەکدا رایگەیاند: “ئەو کاتەى وەزیرى دارایی بووە بەوەکالەت، لێکۆڵینەوەى لە دزرانى 3.7 ترلیۆن دینارى عێراقى (2.5 ملیار دۆلارى) پارەى باج کردووە لە بانکى رافیدەین و ئەنجامەکەى رادەستى لایەنە پەیوەندارەکان و لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق کردووە.”

پلاسخارت هەروەها داواکارییەک لە بەرپرسانی عێراق دەکات و دەڵێت: “ئەو پارانە بگەڕێننەوە بۆ خاوەنی راستەقینەی خۆیان.”

ئەو روونکردنەوەی وەزیری نەوت پاش چەند کاژێرێک بوو لە دەرکردنى بڕیارێکى مستەفا کازمى، سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ وەرگرتنەوەی پۆستى وەزیرى دارایی بە وەکالەت لە ئیحسان عەبدولجەبار کە لەدواى دەستلەکارکێشانەوە عەلى عەللاوى، وەزیرى دارایی پێشوو، ئەو پۆستەى پێدرابوو.

دۆسیەکە رای گشتی لەعێراق لەسەر دروستبووە، داواکاریی بۆ لێپرسینەوە لە بەرپرسانی حکومەت لەلایەن پەرلەمانتارانەوە دەستیپێکردووە.

لەبارەی دیارنەمانی ئەو پارەیە، فەرهاد عەلائەدین، سەرۆکی ئەنجوومەنی راوێژکاریی عێراق لە تویتێکدا رۆژی 16ـی ئۆکتۆبەر نووسیویەتی، “لە رۆژی 3ـی ئەیلوول لەبارەی دیارنەمانی بڕی 800 ملیار دینار لە هەژمارێکی حکومەت لە بانکی رافیدەین تویتمان کرد، وەزیری دارایی بە وەکالەت لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا گوتی پارە دزراوەکە 800 ملیۆن دۆلارە، ئەمڕۆ تویتی کردووە دەڵێت ئەو پارەیەی لێی دزراوە 2.5 ملیار دۆلارە، سەرچاوە ئاگادارەکان دەڵێن بڕە راستەقینەکە دەگاتە 5.3 ملیار دۆلار، دادگە و ئەنجوومەنی نوێنەران ئێوە چی دەکەن؟”