هەولێر- نۆرس پرێس
رۆژی یەکشەممە، 16ی ئۆکتۆبەر و بە ئامادەبوونی ناسر حوسێن، وەزیری گواستنەوە و شاندێکی حکومەتی عێراق لە مەراسیمێکی نهێنیدا کە تەنیا 10 خولەکی خایاند و دوور لە چاوی کەناڵەکانی راگەیاندن، فڕۆکەخانەی کەرکووک کرایەوە. دوای رێوڕەسمەکەش راکان جبووری، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت رایگەیاند، هەرچەندە هێشتا هەندێک کاری تەکنیکی ماون بۆئەوەی فڕۆکەخانەکە بکەوێتەکار و دەست بە گواستنەوەی سەرنشین بکات، بەڵام لە یادی 16ی ئۆکتۆبەردا “بە پێویست زانرا ئەم دەستکەوتە مێژووییە پێشکەش بکرێت.”

رۆژێک دوای ئەوە، دووشەممە، ئەیاد ئیبراهیم، یاریدەدەری بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک رایگەیاند، رێکخستنی یەکەم گەشت لە فڕۆکەخانەکەوە پشت بە هاوئاهەنگی لەگەڵ کۆمپانیاکان دەبەستێت بۆ راییکردنی گەشتەکان لە فڕۆکەخانە، “لە ماوەی دوو هەفتە بۆ مانگێکی دیکەدا یەکەمین فڕۆکەی گەشتیاران لە فڕۆکەخانەکە دەنیشێتەوە.”
لە مەراسیمی کردنەوە نهێنی و نیوەناچڵەکەدا راکان جبووری، پارێزگاری بە وەکالەتی کەرکووک لە وتەیەکی ئیستیفزازیدا و وەک ئاماژەیەک بە رۆژی 16ی ئۆکتۆبەر وەک سەرکەوتنێک، رایگەیاند، “ئەمڕۆ پێنج ساڵ بەسەر سەپاندنی یاسا تێدەپەڕێت. هاوکات دەمەوێت سوپاسی هەموو ئەوانە بکەم کە رۆڵیان هەبووە لەم دەستکەوتە مێژووییەی خەڵکی کەرکووکدا، کە شایستەی خۆیانە. بەهۆی ئەو دۆخەشی لە بەغدا دەگوزەرێت، دەرفەتی بۆ ئێمە نەڕەخساند، کە ئاهەنگێکی گەورەی فەرمی رێکبخەین.”
هەمان رۆژ، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراقدا بە میدیای ناوخۆی راگەیاند، “ناهێڵین ئەو فڕۆکەخانەیە بکرێتەوە، چونکە پێشتریش سەرۆکوەزیران داوای لە من کرد و پێمگوت، ئەوە دەروازەیەکە بۆ گەندەڵی و گەندەڵیی تێدا کراوە.”
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەبارەی کردنەوەی فڕۆکەخانەی کەرکووک و کردنەوەی راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و چەند داواکارییەکی ئاراستەی ناسر حوسێن شبلی، وەزیری گواستنەوەی عێراق کرد.
لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، “شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق داوای لە وەزیری گواستنەوە کرد کارکردن لە فڕۆکەخانەی کەرکووک رابگرێت بەهۆی بوونی گومانی گەندەڵی لەسەر پرۆژەکە و بوونی کێشەی ئەمنی و رێگریی هونەری و کارگێڕی.”
هەروەها شاخەوان عەبدوڵڵا بەرپرسیارێتیی کردنەوەی فڕۆکەخانەی کەرکووکی بەو خێراییە و بەبێ رەچاوکردنی لێکۆڵینەوە لە “دۆسیەکانی گەندەڵی” و چارەسەرکردنی کێشە هونەری و تەکنیکییەکان خستە ئەستۆی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانی و وەزارەتی گواستنەوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان.
بەپێی راگەیێندراوەکە، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەختی لەسەر گرنگیی پڕۆژەی فڕۆکەخانەی کەرکووک کردووەتەوە، کە دەبوو پێش پارێزگاکانی دیکە بکەوتبا لە دروستکردنی وەکو ماف و بەرکەوتەی رۆڵەکانی پارێزگاکە.
شاخەوان عەبدوڵڵا پشتیوانی لە پڕۆژە ستراتیژییەکان دەکات و دەڵێت، “بەڵام بەداخەوە گومانی گەندەڵی لە وردەکاریی پڕۆژەکەدا هەیە، ئەگەر رێوشوێنەکانی خۆپارێزی و تایبەت بە لایەنی ئەمنی بگیرێتەبەر و دۆسیەکانی گەندەڵی یەکلایی بکرێنەوە و کێشەکان چارەسەر بکرێن، دەکرێت سەرلەنوێ کار لە فڕۆکەخانەی کەرکووک بکرێتەوە.”
فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی کەرکووک لە حەفتاکانی سەدەی رابردوودا دامەزراوە، پێشتر بنکەیەکی سەربازی بووە و لە جەنگی عێراق – ئێران سوودی لێوەگیراوە، لە سەردەمی ئیدارەی د. نەجمەدین بڕیاردرا بکرێتە مەدەنی و ساڵی 2019 دەست بە دروستکردنی کراوە.
مەراسیمی کردنەوەکەی و بەروارەکەش بۆ هاوڵاتیانی کورد بە گشتی و کوردانی کەرکوک بە تایبەتی، کە زۆرینەن لە شارەدا، مایەی نیگەرانی و توڕەبوون بوو، بە تایبەت لەو رۆژەدا کە 16ی ئۆکتۆبەرە، هەمان رۆژ و بەر لە پێنج ساڵ لە 2017دا حەشدی شەعبی بە چەکی قورس و تانک و تۆپەوە لەشکرکێشیان کردە سەر شارەکە و سوپای پێشمەرگە شارەکەیان چۆڵ کرد.
ئەمە جگە لە وەی لە کاتی کردنەوەی فڕۆکەخانەکەدا هیچ بەرپرسێکی کورد بانگهێشت نەکرابوون، بڕیارە 1000 کەس بە شێوەی گرێبەست لە فڕۆکەخانەکە دەستبەکار بن و بەرپرسانی کوردیش لە کەرکووک ناڕازین لەسەر کەمیی کورد لە ستافی بەڕێوبردنی فڕۆکەخانەکەدا، نەک هەر ئەوە بەڵکو تەنانەت زمانی کوردیش لەسەر تابلۆی فڕۆکەخانەکە فەرامۆش کراوە.